وادەی باران بارین ڕاگەیەندرا

كەشناسی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كەش و هەوای ڕۆژانی داهاتوو بڵاوكردەوە و دوو ڕۆژ باران دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئایار دەستەی‌ كەشناسی‌ عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "بەهۆی‌ كاریگەری‌ نزمە پاڵەپەستۆیەك كە لە توركیاوە دێت، رۆژی‌ پێنجشەممەی‌ داهاتوو لە ناوچەكانی‌ باكوور و ناوەڕاست ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری‌ تەواو دەبێت و بارانێكی‌ كەم دەبارێت و هەندێك كات هەورە بوسكەی‌ لەگەڵدا دەبێت".

ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە بەهۆی‌ كاریگەری‌ نزمە پاڵەپەستۆیەك كە لە دەریای‌ سوورەوە دێت لە ناوچەكانی‌ باشوور ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری‌ تەواو دەبێت و ئەگەری‌ نمە باران بەتایبەتی‌ لە شەودا هەیە.

سەبارەت بە ڕۆژی هەینی كەشناسی‌ عیراق ڕایگەیاند "ئاسمانی‌ ناوچەكانی‌ باكوور و ناوەڕاست لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری‌ تەواو دەبێت و باران دەبارێت و هەندێك كات هەورە بروسكەی لەگەڵدا دەبێت و لە هەندێ‌ ناوچەش خۆڵبارین دەبێت و پلەكانی‌ گەرما كەمێك بەرزدەبنەوە".

سەبارەت بە وەرزی هاوین دەستەی‌ كەشناسی‌ عیراق پێشبینیشی‌ دەكات كە بەراورد بە ساڵی‌ رابردوو هاوینی‌ ئەمساڵ‌ پلەكانی‌ گەرما بەرزتربن و لە ناوچە جیاوازەكانی‌ عیراق خۆڵبارین هەبێت.


PM:03:34:16/05/2017