ئەم سیاسەتمەدارە تەرمی نەوشیروان مستەفای شتووە

ئاسۆ جەمال موختار هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان ئاشکرایکرد ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر و شەهاب شێخ کامیل ئەرکی شتنی نەوشیروان مستەفایان جێبەجێ کردووە.

ئاسۆ جەمال موختار لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "لە کاتی شتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا کە هەریەکە لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر و شەهابی شێخ کامل ئەرکی شتنەکەیان بەجێ هێنا سابونیان بۆ دکتۆر هەڤاڵ هێنا بە قوڵپی گریانەوە وتی پێویست بەوەناکات بە سابون بشۆردرێ دەبێ لایەکی کورد و گەندەڵکاران بە نەوشیروان بشۆرێن".

هەروەها نوسیویەتی منیش ناوچەوانی کاک نەوشیروانم ماچکرد و شوێنەکەم جێ هێشت بۆیە بڕیارمدا تا ناشتنەکەی دەموچاوم نەشۆم چونکە بۆن و بەرکەوتەی ئەوی پێوەیە.

هەروەها جەمال محەممەد سكرتێری جفاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە "لەكاتی كۆچی دوایی كاك نەوشیرواندا كوڕەكانی و كەسوكارەكەی لەلای بوون."

جەمال محەمەد هەروەها وتوشییەتی "كاك نەوشیروان وەستێتی كردووە كە لە گردی زەرگەتە بنێژرێت بەڵام جارێ كاتی ئەوە نییە باس لە ناوەڕۆكی وەسێتنامەكەی بكرێت".

هەروەها ئاسۆ رەحیم ئەندامی جفاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "لەدرەنگانێكی شەڕی رابردووەوە منداڵەكانی و كاك بەختیاری برای كاك نەوشیروان لەلای بوون".

ڕوونیشی کردووەتەوە"تا كاتژمێر شەشی بەرەبەیانی كاك نەشیروان توانای قسەكردنی هەبووە".

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.



PM:05:37:19/05/2017