فازڵ میرانی: لەجیاتی یەكێتی بوومایە داوای یەكگرتنەوەم لەگەڵ گۆڕان نەدەكرد

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "ئەگەر لە جێگەی یەکێتی بوومایە لەم گەرماوگەرمەدا داوای یەکبوون و یەکگرتنەوەم لە گۆڕان نەدەکرد".

فازڵ میرانی كە ئەمرۆ لەهەولێر  بەشداری پرسەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: "هاوبەشی خەمی کاک چیا و نما و چراین، کە لەماوەیەکی کەمدا دایک و باوکیان لەدەستدا، لەم خەمەدا وەک مامێکیان پشتیان دەگرین".

لەبارەی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا، فازڵ میرانی گوتی "کاک نەوشیروان کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، مێژوونووس و رۆشنبیر بوو، جیا لە پرسە سیاسییەکاندا ئێمە هاوڕێی یەکدی بووین".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "ئەوەی لە دوو سێ رۆژە چاودێریم کردووە، دیاردەیەک هەیە بەو هیوایەم نەبێتە تایبەتمەندی میللەتی ئێمەی کورد، کەسایەتی وەها بە قسەی یەکێکی وەکو من یان یەکێکی دیکە لە فەیسبووک یان لە کەنارێک قسەیەک بکات بچووک نابێت و بە قسەیەکی دیکەی هەواداری ئەو گەورەتر نابێت. هەندێک کەس هەیە، خۆی جێگەی خۆی لەنێو میللەتی خۆیدا هەیە، کاک نەوشیروانیش یەکێک لەوانە بوو، بۆیە ناکرێت ئێمە لەدوای کۆچکردنی ئەو بەناوی ئەو قسە بکەین، بڵێین وای بەمن گوت منیش وام پێگوتووە، ئەمە جیا لەوەی راست بێت یان نا".

فازڵ میرانی پێیوایە لە دەستدانی "کەسایەتییەکی وەک نەوشیروان مستەفا دەبێتە مایەی لە یەکدی نزیکبوون و بیر لەخۆکردنەوە، ئەم رێگایە لەپێش هەموومانە، بۆیە ئەو بوغز و کینەیەی لەنێو خەڵک دروستمان کردووە، یان دروستبووە، حەقە هەموومان بە خۆماندا بچینەوە، مردن لەڕێگەی هەموو کەسێکە".

میرانی گوتیشی "لەدەستدانی ئەم کەسانە زەرەرێکی گەورەیە بۆ میللەکەمان، بەداخەوە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا کاک نەوشیروان ئێمەی بەجێهێشت، کە دەیتوانی سوودی زیاتری هەبێت بۆ میللەتەکەی".

سەبارەت بە داواکەی گوتەبێژی یەکێتی لە رۆژی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا بۆ یەکگرتنەوە، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتی "من حەز ناکەم لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، چونکە من نە گۆڕانم نە یەکێتی، بەڵام ئەگەر لە جێگەی یەکێتی بوومایە لەم گەرماوگەرمەدا داوای یەکبوون و یەکگرتنەوەم لە گۆڕان نەدەکرد".

فازڵ میرانی دەڵێت، پرسی یەکبوون و یەکگرتنەوە دیراسەتی دەوێت، گۆڕان بزووتنەوەیەکە، هۆکارێک هەبووە کە بووە بە گۆڕان، دەبێت هۆکارێکیش هەبێت واز لە گۆڕان بهێنێت.




PM:05:52:21/05/2017