نێچیرڤان بارزانی: کاک نەوشیروان هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە

نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌ردانی‌ گۆڕی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ كردو رایگه‌یاند، هیوادارن ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ببێته‌ ده‌ستپێكێك بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کاک نەوشیروان هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە و هەروەها ڕایگەیاند  " سەرەڕاى ناکۆکییەکانمان لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا، بەڵام زۆر کارى باشمان بەیەکەوە کردووە".
ڕوونیشی کردەوە " نەوشیروان مستەفا لە نوسینەوەى دەستورى هەمیشەیى عێراقدا ڕۆڵى باڵاى هەبوو".
نەوشیروان مستەفا ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچیی دوایی کردو دوای ڕۆژێکیش تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە نێژرا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.






PM:12:43:22/05/2017