هیوا جەمال لەسەر NRT چی دەڵێت

پێشکەشکاری کەناڵی ڕووداو، هیوا جەمال ڕەخنە لە دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی دەگرێت و دەڵێت هیچ رۆژنامەڤانێک نەوێرێت باس لە دادگا بکات لە ترسی ئەوەی دادوەر (حاکم) فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەردەکات.

هیوا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوسیویەتی "دادگاکانیش وەک هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە پڕن لە کەمووکورتی، بێگومان دادوەرەکانیش بەشێک لەو کەموکورتیانەیان بەردەکەوێت، بۆیە نابێت هیچ رۆژنامەڤانێک نەوێرێت باس لە دادگا بکات لە ترسی ئەوەی دادوەر (حاکم) فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەردەکات، دەبێ متمانە هەبێت کە دادوەرەکان بۆ لایەنی کەسیی خۆیان یاساکان بەکار ناهێنن"

هەروەها دەڵێت "لە هیچ مادەیەکی یاسای کاری رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستان، باسی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس نەکراوە، بە هەر هۆیەک، بەڵکو تەنها غەرامەی ماددی بۆ دانراوە، ئەوەش لە مادەی نۆیەمی یاساکەدا دیارە. ( مادەی نۆیەم، یەکەم؛ رۆژنامەنوس و سەرنوسەر بەبڕێک پارە غەرامە دەکرێن کە لە (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت..)"

ڕوونیشی کردووەتەوە هەروەها بەپێی مادەی دوازدەم؛ کار بە هیچ دەقێک ناکرێ کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بێ.

لە کۆتایشدا نوسیویەتی "دەستگیرکردن، یان راگرتنی، ئارام بەختیار، پەیامنێری کفری ئێن ئاڕتی، بە چ یاسایەکە؟ مادام یاساکەمان وا ناڵێت کەواتە بۆ دەستگیرتان کردووە"



PM:11:04:30/05/2017