نرخی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان هەرزان دەبێت

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی ھەرێم  رایگەیاند: بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی ئینتەرنێتی بێسنور نرخی ئینتەرنێت لەهەموو شوێنێك هەرزان دەبێت.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی ھەرێم بە (خەڵك)ی ڕایگەیاندوە: بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی ئینتەرنێتی بێسنور، گیانی كێبڕكرێ لەنێوان كۆمپانیان دروست دەبێت، لە دوو ڕووەوە بۆ هاوڵاتی سوودی دەبێت لە لایەك خێرایی زیاتر دەبێت و هەروەها نرخەكەشی زۆر دادەبەزێت.

وتیشی، "پڕۆژەكە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە، لە ئێستادا لە سنوری پارێزگای سلێمانیە، كە بریتییە لەئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە و ناوچەكانی دەرورووبەری، بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش كاری لەسەردەكرێت و دەخرێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە".

ڕاشیەگیاند، پڕۆژەی ڕاكێشانی ھێڵی ئینتەرنێتی بێسنور ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و ھەركاتێك پڕۆژەكە بخرێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، لەسەنتەری پارێزگاكان و تەواوی شار و شارۆچكەكانیش نرخی ئینتەرنێت ھەرزان دەكرێت و خزمەتگوزاریی زیاتریش دەگەیەندرێتە ھاوڵاتیان.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پڕۆژەی ڕاكێشانی ھێڵی ئینتەرنێتی بێسنور دەخرێتە پرۆسەی تەندەرینەوە و دڵنیاییش دەدەینە هاوڵاتیان بە خستنەگەڕی ئەم پڕۆژەیە، نابێتە ھۆی خاوبوونەوەی تۆڕەكانی دیكەی بواری ئینتەرنێت لەھەرێم.
ئومید محەمەد ئاشكراشی كرد، پڕۆژەكە كاتی كۆتایی هاتنی نزیكە و ناگاتە كۆتایی ئەمساڵ.



PM:08:54:31/05/2017