قوباد تاڵەبانی: دەبێت ڕێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان جێبەجێ بكرێت

قوباد تاڵەبانی،  كوڕی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی باوكی كردوە دەڵێت "دەبێت ڕێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان جێبەجێ بكرێت".

قوباد تاڵەبانی،  كوڕی جەلال تاڵەبانی، كە هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەتە بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی پەیامێكی ئاڕاستەی باوكی كرد و تیایدا پێداگری دەكاتەوە لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان گۆڕان و یەكێتی.

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی 
لە‎یادە مەزنەكەدا، پەیامێك بۆ مامی‌ مەزن
‎سڵاو باوكە گیان، هەڤاڵ مام جەلال
‎ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە یادی‌ پڕ شكۆی‌ ئەو حزبە مەزنە دەكەینەوە، كە 42 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێ‌‌و هاوڕێبازەكانت لەدژوارترین بارودۆخدا كۆڵەكەكەیتان دامەزراند، ئەوەی‌ ئێوە كردتان تەنیا دروستكردنی‌ هێزێكی‌ سیاسی‌‌و چەكداری‌ و پارتیزان نەبوو، بەڵكو بەهەموو مانایەك هەڵگیرساندنی‌ شۆڕشێكی‌ نوێ‌ بوو، شۆڕشێك كە هەموو خەڵكی‌ كوردستان پشتیوانیان كرد هەر لەشوێنكردنەوه ‌و بەشكردنی پارووە نان،‌ تادەگاتە گیانبەخشین، بۆیە لەمڕۆژەدا پیرۆزبایی‌ لەتۆ و هەموو كەسوكاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان‌ و پێشمەرگه ‌و كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانییە سیاسییەكان و رێكخستنە دێرینەكان‌ و هەموو هەڤاڵانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی ‌و گشت خەڵكی‌ كوردستان دەكەم.
‎خۆشبەختییەكی‌ گەورەیە كە مەشخەڵەكەی‌ ئێوە تائێستاش گڕەی‌ دێت‌و وەك خۆت فەرمووت یەكێتییەكان بەهەق سەلماندیان "سەفین لەبن دێ‌، بەڵام یەكێتی‌ لەبن نایێ‌".
‎وەك چۆن جەنابت لەرۆژە سەخت ‌و دژوارەكاندا هەمیشە هیوا و گەشبینیت دەبەخشییەوە، پڕ بەدڵ حەزم دەكرد منیش ئەمڕۆ لەم نامەیەدا مزگێنی‌ باشیی‌ بارودۆخی‌ سیاسی ‌‌و ئەمنی ‌‌و ئابوری‌ ‌و مرۆییت پێبدەم، بەڵام بەداخم بەو شێوەیە نییه ‌و دڵنیام هەموو شتێك بەدڵی‌ تۆ نییە، بێهیوایی‌ لەهەندێ‌ رەفتار و گفتار هەندێجار زۆربەمان دەگەیێنێتە ئەو بڕوایەی‌ بڵێین ئەم بارە لارە تەنیا بەگۆچانەكەی‌ مام راست دەكرێتەوە.
‎پڕ بەدڵ حەزمان دەكرد بارودۆخی‌ حوكمڕانیمان بەشێوەیەك بووایە كە خزمەتی زیاتری خەڵكی‌ كوردستانمان بكردایە و گوزەرانێكی‌ شایسته ‌و گونجاومان بۆ هەمووان دابین بكردایە، بەڵام زروفی‌ شەڕ و قەیرانی‌ ئابوری‌ لەدەرەوەی‌ ئیرادەی‌ خۆمان بارودۆخەكەی‌ شێواند و بوونە مایەی‌ بارگرانی‌ بۆ خەڵك، بەدڵنیاییەوە ئەمەش خەتای‌ ئێمەی‌ تێدایە ‌و وەك چۆن شانمان داوەتە بەر باری‌ ئەو ئەركە، دەبێت بەرپرسیارێتییەكەشی‌ هەڵبگرین.
‎مامە گیان، ئێوە بۆ من تەنیا باوكێك نەبوون، بەڵكو مامۆستا و خوێندنگا و رێبازێك بوون كە شوێنكەوتنی‌ هەمیشە مایەی‌ شانازی‌‌ و سەربەرزییە، ئەگەر سەركەوتنێكمان بەدەستهێنابێت لەچاوی‌ حیكمەت‌و دنیابینی‌ تۆ دەیبینین، ئەگەر دوچاری‌ شكستێكیش هاتبین ئەوا بەهۆی‌ غیابی‌ تۆوەیە كە حەوسەڵە و ئۆقرەیی‌ لێ‌ بڕیوین.
‎ئەو مێژووە پڕ شكۆیەی‌ ئەمڕۆ یەكێتی‌ پێی‌ گەیشتووە، لەسێبەری‌ فەلسەفەی‌ بەڕێوەبردنی‌ تۆدایە، هەر تۆ فێرت كردین وڵاتمان لەخۆمان زیاتر خۆش بوێت‌ و یەكێتی‌ نەكەینە ئامانج، بەڵكو وەسیلە بێت بۆ خزمەتكردنی‌ كۆمەڵانی‌ خەڵكی‌ كوردستان.
‎هەرچەندە هەموومان سورین لەسەر پەیام‌ و ئامانجەكەت، بەڵام ساڵ بەساڵ پشوودان‌ و غیابی‌ تۆ زیاتر پێوەمان دیاری‌ دەدات، ئێستا لەوە تێدەگەین چۆن لەچەقی‌ قەیرانەكاندا بەهەنگاوێكی‌ ژیرانە ئاشتەواییتان دەخستە نێوماڵی‌ كورد و دڵی‌ هەموو خەڵكیتان خۆش دەكرد.
‎لەدوای‌ ساڵانی‌ شەڕی‌ ناوخۆ، ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی‌ حیكمەت‌ و مەردایەتی‌ بنوێنیت‌ و بەدوو ئۆتۆمبێلەوە روو لەسەری‌ رەش بكەیت ‌و لەگەڵ كاك مەسعود خاك‌ و ئیدارەی‌ باشووری‌ كوردستان یەك بخەیتەوە.
‎پاش ماوەیەك لەنیگەرانی‌‌ و دڵئێشان، هەر تۆ بوویت لەگەڵ كاكە نەوەی‌ رۆح شادی‌ هاوخەبات ‌و هاوسەنگەرت ئاشتبوونەوەی‌ یەكێتی‌‌ و گۆڕانتان راگەیاند و رێككەوتننامەیەكی‌ نیشتیمانیتان هێنایە بەرهەم.
‎زۆر بەداخم كە ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی‌ یەكێتی‌ دەكەینەوە كە هاوڕێی دێرینی تۆ و یەكێ لەدامەزرێنەرانی حیزبەكەمان، كاكە نەوە جێی‌ هێشتوین، چاومان لەسەر ئەوە بوو ئەمساڵیش وەك پار بەحزوری جەنابت بهاتایە بەشداری‌ خۆشییەكەی‌ لەگەڵ بكردینایە و لەگەڵ هاوخەباتە دێرینەكانیدا دەستی‌ سەركەوتنیان بەرز بكردایەوە، بۆیە وەك پێشتریش وتومە، وەفاداری‌ بۆ مام جەلال و كاكە نەوە بەوە دەبێت رێز لەئیمزاكەیان بگرین ‌و رێككەوتننامەی‌ یەكێتی ‌‌و گۆڕان وەك ئەوەی‌ ئەوان خواستیان بوو جێبەجێ‌ بكەین.
‎باوكە گیان، راستە غیاب و پشووی ناچاریی‌ تۆ هەموومانی‌ شەكەت كردووە، بەڵام بەوە سەربەرزین فێری‌ خۆڕاگری‌‌ و تۆكمەییت كردوین‌ و رێبازێكت داڕشتووە كە چەند بكەوین بەهێزتر هەڵدەستینەوە و درێغی ناكەین لەخزمەتكردن لەپێناو خێروخۆشی‌‌ و تەبایی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
‎سوپاس كە هەمیشە پشتیوانمان بوویت، لەوەفای ئەو دڵسۆزییەی‌ تۆشدا بەهەزاران كادیر و لایەنگری‌ چست‌ و چالاكی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی كوردستان بەڵێنی‌ دڵسۆزی‌ بۆ رێبازەكەت دووپات دەكەنەوه ‌و دڵنیابە كۆڵ نادەین تا یەكێتی‌ و كوردستان دەبەینەوە سەر لوتكەی‌ سەركەوتنەكان.



PM:03:26:01/06/2017