گۆڕان داوایەك ئاراستەی تاڵەبانی دەكات

جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی تاڵەبانی سكرتێری گشتی‌و سەركردایەتی یه‌كێتیی كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌له‌مان پێیدا تێده‌په‌ڕێ و پرۆسه‌ی‌ سیاسی گه‌یشتۆته‌ بنبه‌ست و، په‌رله‌مانی كوردستان ئیفلیج كراوه‌و، قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی هاونیشتمانیانی كوردستانی گرتوه‌و ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان رۆژ له‌ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌تان لێده‌كه‌ین كه‌ رۆڵی خۆتان ببینن له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسی و یاسایی و كارگێڕی‌ و داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".


ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌ڕێز مام جه‌لال سكرتێری‌ گشتی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان
سڵاوێكی گه‌رم

پیرۆزبایی یادی 42 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ئێوه‌و هه‌مو كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانتان ده‌كه‌ین.

به‌ڕێزان

یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی‌ گرنگی جوڵانه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان رۆڵی دیارو به‌رچاوی‌ هه‌بوه‌.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌له‌مان پێیدا تێده‌په‌ڕێ و پرۆسه‌ی‌ سیاسی گه‌یشتۆته‌ بنبه‌ست و، په‌رله‌مانی كوردستان ئیفلیج كراوه‌و، قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی هاونیشتمانیانی كوردستانی گرتوه‌و ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان رۆژ له‌ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌تان لێده‌كه‌ین كه‌ رۆڵی خۆتان ببینن له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسی و یاسایی و كارگێڕی‌ و داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. باشترین هه‌نگاویش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكی رێكه‌وتنی 17/5/2016ی‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێزی
جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
1 / 6 / 2017  




PM:03:31:01/06/2017