ئۆتۆمبیلی علوج و ئەوروپی ژمارەی هەرێمی كوردستان وەردەگرن

بەڕێوبەری  گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە بۆ ئۆتۆمبێلی علوج و ژمارە ئەورووپی بۆ ئەوەی بکرێن بە ژمارەی هەرێم.

 سامی جەلال  بەڕێوبەری  گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە "لەدوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

بەپێی زانیارییەکان بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە تا ئێستا تۆمارنەکراون و مۆدێلیان لە ٢٠٠٠ بەرەو سەرەوەیە، هەڵگری تابلۆی ئەوروپین  هەتا ١ی ئایاری ٢٠١٧ لە لە دەروازە فەرمییەکانەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

ئەم بڕیارە ئۆتۆمبێلی هەڵگری ژمارە کاتی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە بە مەرجێک لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق تۆمار نەکرابێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان رێنماییەکان ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە هەڵگری تابلۆی ژمارە کاتی هەرێمی کوردستانن و لە دەروازە سنوورییەکانەوە هێندراون و تۆمارنەکراون تا بەرواری ١ی ئازاری ٢٠١٦بەمەرجێک فرۆشرابن لەلایەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە.

ئەم رێنماییە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ کاری پێدەکرێت لەدوای بڵاوکردنەوەی و دەبێت لەو ماوەیەدا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی رێنماییەکە دەیانگرێتەوە تۆمار بکرێن.



PM:04:09:01/06/2017