بەبێ ناوی هەردوو جێگر، باڵی هێرۆ ئیبراهیم مۆڵەتی فەرمی یەکێتی بەناوی خۆیانەوە وەردەگرن

بەپێی بەڵگەنامەیەک، باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێرۆ ئیبراهیم سەرکردایەتی دەکات، مۆڵەتی حیزبەکەی بەپێی یاسای نوێی عێراق وەرگرتووە، بەبێ ناونووسکردنی هەردوو جێگری سکرتێری گشتی، کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح.

بەپێی دوو بەڵگەنامە کە دەست سپی کەوتووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای مۆڵەتی فەرمی لە حکومەتی عێراق کردووە بە ناوەکانی دامەزرێنەرانی یەکێتی( جەلال تاڵەبانی، حکمەت محەمەد کەریم " مەلا بەختیار "، هێرۆ ئیبراهیم، محەمەد فواد مەعسوم، عومەر فەتاح، عادل موراد، عەبدولرەزاق عەزیز، شۆڕش ئیسماعیل) ئەوەی سەرنجدەدرێت لەنێو ئەو ناوانەدا ناوی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح وەک جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی تێدا نییە، لە کاتێکدا بە فەرمی ئەوان کەسانی دووەم و سێهەمی نێو یەکێتین.

هەروەها لە بەڵگەنامەی دووەمدا کە تایبەتە بە " بنەماکانی رەفتاری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان " چەندان بەندی تیایە کە حیزبە کوردستانییەکان بەتایبەتی  یەکێتی و پارتی ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، لەوانە نەبوونی " میلشیای چەکدار"، حیزبەکان " پڕۆژەی ئابوریان نەبێت" و چەندانی بنەمای تر کە لەنێو حیزبی کوردیدا نییە. 

بەپێی یاسای ساڵی ٢٠١٥ حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی پەرلەمانی عێراق دەبێت حیزبە سیاسیەکانی عێراق، مۆلەتی کارکردن دەربکەن، یەکێتییش بەو ناوانەوە وەک دامەزرێنەری حیزبەکەیان مۆڵەتی فەرمیان وەرگرتووە، لەرۆژانی رابردووشدا میدیاکانی یەکێتی ئەو هەوڵەیان بڵاوکردەوە کە مۆڵەتی فەرمیان وەرگرتووە.    



PM:09:44:01/06/2017