عوسمان بایدەمیر دەستگیرکرا

عوسمان بایدەمیر وتەبێژی هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ عوسمان بایدەمیر، وتەبێژی هەدەپە و پەرلەمانتاری ئەو پارتە لەکاتی سەردانی سەندیکای پارێزەراندا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان دەستگیرکراوە.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستاش بایدەمیر لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، بە تۆمەتی ئەوەی لەکاتێکدا سەرۆکی شارەوانی ئامەدبووە سوکایەتی بە پارێزگاری ئامەد کردووە.

عوسمان بایدەمیر لەساڵی ١٩٧١ لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان لە دایکبووە،لە دواى تەواوکردنى خوێندنى یاسا لە زانکۆى دیجلەى شارى ئامەد بووەتە پارێزەر، لە دواى چەند ساڵ لە کارى پارێزەریى خۆبەخشى  لە ساڵى ١٩٩٥دا بووەتە ئەندامى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ، دواتر بووەتە ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ لە ئامەد و لە دواى ئەوەش بووە بە سەرۆکى لقى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ لە شارى ئامەد.

تاوەکو ساڵى ١٩٩٩ لە کارەکانى لە کۆمەڵەى مافى مرۆڤدا بەردەوام دەبێت و لە دواى ساڵى ١٩٩٩ بووە بە یەکێک لە پارێزەرەکانى ئۆجەلان.

عوسمان بایدەمیر شارەزایى لە حەوت زماندا هەیە

لە ساڵى ٢٠٠٤ لەسەر لیستى پارتى ئاشتى و دیموکراسى (بەدەپە) خۆى بۆ سەرۆک شارەوانیى ئامەد پاڵاوت و سەرکەوتنى بە دەستهێنا و تاوەکو ساڵى ٢٠١٤دا سەرۆک شارەوانیى ئامەد بوو.

لە ساڵى ٢٠٠٥دا لەگەڵ ڕەیحان یاڵچین داغى پارێزەر و ئەندامى کۆمەڵەى مافى مرۆڤدا هاوسەرگیریى کردووە و بوون بە دایک و باوکی کوڕ و کچێک.

عوسمان بایدەمیر خۆی بۆ هەڵبژاردنى ٢٦هەمى پەرلەمانى تورکیا ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا لەسەر لیستى هەدەپە و لە شار ڕحاى باکووری کوردستان پاڵاوت و سەرکەوتنى بە دەستهێنان چووە پەرلەمانى تورکیا.

ڕۆژی ٢٤ ی شوباتی ٢٠١٧ عوسمان بایدەمیر لەلایەن لیژنەى بەڕێوەبەریی ناوەندیى هەدەپەوە هەڵبژێردرا بۆ وتەبێژى هەدەپە، ئەوەش دوای ئەوەبوو کە ئایهان بیلگەن وتەبێژى پێشووی هەدەپە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە دەستگیرکرا.



PM:03:29:02/06/2017