ناسنامەی ئەو دوو كەسەی سوتان ئاشكرا كرا

بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك بەهۆی وەرگەڕانیەوە گڕی گرت و پۆلیسی گەرمیانیش ناسنامەی ئەو دوو كەسە ئاشكرا دەكات كە بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند "ئەو دوو كەسەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سوتانی ئۆتۆمبێلەكەیانەوە گیانیان لەدەستدا ژن و مێردن و خەڵكی خانەقینن".

رائیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ پۆلیسی‌ گەرمیان ڕایگەیاند "ئۆتۆمبێلەكە لەجۆری مازدا بووە و بەهۆی وەرگەڕانیەوە گڕی گرتووە، ئەو دوو قوربانیەش بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە تا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەناسراون، بەڵام پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون ناسنامەكانیان ئاشكراكراوە و تەرمەكانیان ڕادەستی كەسوكارەكەیان كراوەتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە بەوتەی كەسوكاریان كاتژمێر 3ی شەو لە سلێمانییەوە بەڕێ كەوتوون بۆ قەزای خانەقین بەڵام لەڕێگا تووشی ئەم رووداوە هاتوون.

بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ پۆلیسی‌ گەرمیان وتیشی "قوربانیەكان ژن و مێردێكن بەناوەكانی عەلی حسێن محەمەد لەدایكبووی 1957 و فریال فەرەج نەجەف".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی‌ هاتووچۆی‌ گەرمیان رایگەیاند كە كاتژمێر 5ی‌ بەیانی‌ ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك لەجۆری مازدا لەسەر رێگای گشتی (سلێمانی ـــ كەلار) وەرگەڕا و لەپاش وەرگەڕانی گڕی‌ گرتووە و بەتەواوی سووتاوە.



PM:03:00:03/06/2017