ئێران هەڵویستی خۆی لەسەر ریفراندۆم دەربڕی

بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی لەبارەی بڕیاری بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە كوردستان دەربڕی كە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت.

وتی "هەڵویستی ئاشكرا و بنچینەیی ئێران لەبارەی عێراق، پشتیوانیكردنە لە پاراستنی یەكپارچەیی وڵات."

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، قاسمی لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە خاكی عێراق و بڕیاری یەكلایەنە و بەدەر لە رێسا دەستووری و نیشتمانییەكان، لە دۆخی ئاڵۆزی ئێستەی عێراق و ناوچەكە ناسەقامگیری و كێشەی زیاتری لێ دەكەوێتەوە.

هەروەها دەڵێت، عێراقێكی یەكگرتوو و یەكپارچە و دیموكراتیك پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراقە و ئەمڕۆ زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستی بە ئارامی و سازانی نیشتمانی هەیە، ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغداش دەبوو لە چوارچێوەی دیالۆگ و گفتوگۆ و بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێن.



PM:03:39:10/06/2017