حاکم لەتیف: گۆڕان هەڵەیەکی گەورە دەکەن

پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕان پێیوایە گۆڕان هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر لەبری نەوشیروان مستەفا بە لیژنەیەک کارەکانیان راپەرێنن، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە رێکخەری گشتی هەڵبژێردرێت. 

حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەرمانی عێراق  عیراق لەفراكسیۆنی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەڵێت" دەنگۆ هەیە بەلیژنە بزوتنەوەكە بەڕێوەبەرن، ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیەو گۆڕانیش لاواز دەكات. كەسی یەكەم زۆر گرنگە بۆ هەموو حزب و بزوتنەوەو دامەزراوەیەك،  پیویستە لەسەر بڕیاربەدەستانی گۆڕان بەزوترین كات و تا كۆنگرە دەبەسترێت ڕێكخەرێكی نوێ هەڵبژێرن، ئەگەر وانەكەن زەبری كوشندە لە گۆڕان دەدەن".

هەروەها ناوبراو دەڵێت" مەرگی نەوشیروان مستەفا شۆكێكی گەورە بوو بەتایبەتی بۆ گۆڕان و گۆڕانخوازان، بەڵام دنیا دوای ئەو و كەسی تریش ناوەستێت. پێویستە بزوتنەوەكەو ڕیبازەكەشی بەردەوام بێت، زۆر گرنگە بڕیاربەدەستانی گۆڕان قۆناغی سۆزداری و شۆك تێپەڕێنن، زۆرم پێ سەیرە دەڵێن تا چلەی دەچێت بیر لەپڕكردنەوەی پۆستی ڕیكخەری گشتی ناكەینەوە".

حاکم شێخ لەتیف کە کەسایەتییەکی یاساییە، خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وەک کاندیدێکی گۆڕان چوار ساڵ پەرلەمانتارێتی ئەو حیزبەی لە پەرلەمانی عێراق کرد.



PM:08:55:12/06/2017