حكومەتی هەرێم رێگە لە پەخشی كەناڵێكی ئاسمانیی كوردیی دەگرێت

وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم لەسەر ئەگەری كردنەوەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لەلایەن مەلا كرێكار هاتە دەنگ‌و رایدەگەیەنێت رێگری لێدەكەن.

فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە "لیژنەیەک لەوەزارەتەکانی ڕۆشنبیریی و ئەوقاف و وەزاەرتی ناوخۆو وەزارەتی پێشمەرگە پێکھاتوە، بەگوێرەی یاساو لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە ڕێگری لەھەر کەناڵێک دەکرێت کە ببێتە ھۆکاری بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویی".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەکردنەوەی کەناڵێکی ئاسمانیی دەکەن لەلایەن مەلا کرێکاری ئەمیری پێشوی گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام، گۆمەشینی وتی:"تائێستا لەکردنەوەی کەناڵێکی لەوجۆرە ئاگادارنەکراوینەتەوەو لەھەرێمیش بەھیچ جۆرێک ڕێگە بەوجۆرە کەسانە نادرێت کەناڵی ڕاگەیاندن بکەنەوە".

ئەوەشی وت:"چونکە ئەوکەسانە خۆیان لەیاسا ھەڵاتون و لەھەر وڵاتێکی دیکەش کەناڵی ڕاگەیاندن بکاتەوە، بێگومان ئەو وڵاتە بەرپرس دەبێت بەرامبەری".

فەرھەنگ گۆمەشینی ئاشکراشیکرد، ئەو یاسانەی لەوەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێم کاری پێدەکرێت تەنھا لەچوارچێوەی ھەرێمدا کاری پێدەکرێت و ناتوانرێت دەنگی ناڕەزایی و سکاڵا بەرامبەر کردنەوەی کەناڵێکی لەو شێوەیە بگەیەننە وڵاتانی دیکە.



PM:03:01:13/06/2017