بۆ سێ کاتژمێر ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەبڕێت

وەزیری‌ پەروەردە هەرێم ڕایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە هەرێمی کوردستان دەبڕێت.

پشتیوان سادق وەزیری‌ پەروەردە هەرێم ڕایگەیاندووە ماوەی تاقیکردنەوەکان 41 رۆژ دەخایەنێت و هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەبڕدرێت لە نێو هۆڵەکانی خوێندن.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو هەریەك لە وەزیرانی پەروەردە و گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی ڕاگرتنی هێڵی مۆبایل و ئینتەرنێت لەكاتی بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەی نیشتمانی بۆ پۆلەكانی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ ئامادەیی كۆبونەتەوە.

محەمەد كانی ئەوەشی وتوە لەكۆبونەوەكەدا وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەكردوە، تاقیكردنەوەكان پرۆسەیەكی نیشتیمانیە و ئەركی هەموو دەزگاو دامەزراوە و لایەنێكە هاوكاریی و پشتیوانی سەرخستن و باش بەڕێوەچونی پرۆسەكە بكات.

بەوتەی ناوبراو وەزیری پەروەردە داوای لەوەزیری گواستنەوە كردوە، لەڕۆژانی تاقیكردنەوەكاندا تۆڕی ئینتەرنێت و مۆبایل ڕابگیرێت بۆ ڕێگریكردن لەئەگەری ڕودانی هەر "دزەكردنێك و گزیكردنێك" كە بەهۆی تەكنەلۆژیاوە ڕوبدات.

لەبەرامبەریشدا مەولود باوەموراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندن جەختیكردۆتەوە لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكەیی و بە وەزیری پەروەردەی ڕاگەیاندوە "سەرجەم كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل ئاگاداردەكەینەوە و خشتەی كاتژمێر و ڕۆژانی تاقیكردنەوەكانیان ئاراستە دەكەین تاوەكو بەدەم پرۆسەكەوە بێن".



AM:10:20:15/06/2017