شاجوانە كوردەكە دژی سەربەخۆیی كوردستانە

شاجوانە كوردەكەی عێراق كە باوكی خەڵكی سلێمانیە دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و دەڵێت "هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوی عێراقە".

ڤیان عامر، شاجوانی ساڵی 2017ی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی "ڕووداو"دا دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت "بۆچوونی من ئەوەیە كە عێراق یەكپارچە بێت و كوردستانیش بەشێكی دانەبڕاوی عێراقە".

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ڤیان لەبارەی مەرجەكانی هاوسەرگیریەوە دەڵێت "داواكاری و داخوازیی زۆرم بۆ هاتووە، بەڵام هاوسەری داهاتووم دەبێت كوڕێك بێت بەڕێز بێت و رێزی ژنی لابێت و خۆشەویستی و رێز لە نێوانماندا هەبێت، ئەمە مەرجی منە بۆ شووكردن".

شاجوانە كوردەكەی عێراق لەبارەی بەشداری لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی گەردوون و شاجوانی جیهان دەڵێت "خۆم بۆ ئەوە بە باشی ئامادە كردووە، نەك تەنیا هەر من هاوەڵەكانیشم لە رێوڕەسمە جیهانییەكان بەشدار دەبن، بەڵام ئامادە نیم جلوبەرگی سەر دەریا بپۆشم، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رێوڕەسمە جیهانییەكان قسە كراوە كە ئێمە بەهۆی كولتووری عێراق ناتوانین بەو جۆرە جلوبەرگەوە دەربكەوین و نمایش بكەین، ئەوە لەگەڵ كولتووری عێراقییەكان ناگونجێت، ئەوانیش رەزامەندییان داوە".

ڤیان هەرچەندە باوكی كوردێكی خەڵكی سلێمانی و دایكی عەرەبێكی خەڵكی حللەیە دەڵێت "من شانازی بە سلێمانییەوە دەكەم و نازناوی "ڤیان سلێمانی"م هەیە، بەڵام لە بەغدا لەدایكبووم، كوردیش دەزانم بەڵام تۆزێك، حەز دەكەم بە باشی فێری كوردی ببم و ئێستا هەوڵی جدی بۆ دەدەم".

ڤیان لە شاری بەغدا لە دایك بووە و ئێستا تەمەنی 23 ساڵە. بەكالۆریۆسی لە ژمێریاری ئەندازیاری و پرۆگرامسازیدا هەیە، دوو چاوی سەوز و قژێكی قاوەیی هەیە و باڵای بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزە و 171 سانتیمەترە، كێشیشی 55 كیلۆگرامە.

ڤیان عامر، رۆژی 25/5/2017 بە شاجوانی عێراق هەڵبژێردرا و لەلایەن خوشكەكەیەوە تاجی شاجوانی لەسەر نرا، سۆزان عامر، خوشكی ڤیان لە هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق لە ساڵی 2016 بە هاوەڵی یەكەمی شاجوان هەڵبژێردرا، دوای شووكردنی شەیما قاسم، شاجوانی پێشووی عێراق، سۆزان جێگەی گرتەوە. 




AM:10:32:21/06/2017