ئاشتی هەورامی‌: هیچ نییەتی ئەوەمان نییە بەغدا توڕە بکەین

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ نییەتێکیان بۆ توڕەکردنی بەغدا نییە و وتی سیاسەتی ئەوان بەو شێوەیەیە کە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.

ئاشتی هەورامی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند "پرسیارم لە کڕیارەکانی نەوتەکەمان کردووە، دڵنیایان کردووینەتەوە کە هیچ کاروانێکی نەوتی هەرێم بەڕێگاوە نییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

وتوشییەتی "پێدەچێت نەوتی خاو کۆگابکرێت یان بگوێزرێتەوە بۆ ناوچەی تر، بەڵام بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نا، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی لەسەر بنەمای رادەستکردن لەسەر پشتی کەشتی دەفرۆشێت، دواتر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە ناکات لەگەڵ کڕیارەکانی کۆتاییدا".

ئاشتی هەورامی ڕاشیگەیاندووە "هیچ نییەتی ئەوەمان نییە بەغدا توڕە بکەین، سیاسەتی ئێمە بەو شێوەیەیە کە گفتوگۆ لەسەر کێشەکان بکەین و نەبینە هۆکار بۆ کێشەی نوێ، گفتوگۆ هاوبەشەکان سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەم و هاوردە و پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوامە".

لە کۆتایدا ڕاشیگەیاندووە داوای حەیدەر عەبادی بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی هاوکاری لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەیە، بۆیە خوازیارن بە زوترین کات سەردانی هەولێر بکەن لەپێناو خولێکی تری وتووێژەکان.

PM:08:32:29/06/2017