حکومەتی هەرێم هەڕەشە لە بەغدا دەکات

حکومەتی هەرێم ئاشکرایدەکات لە ئەگەری بەردەوامبوونی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە ئەوانیش ئاو لە خوارووی عێراق دەگرنەوە.

عەبدولستار مەجید، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵى تورکى ڕاگەیاندووە  ئەو ئاوەى دەڕژێتە ناو بەنداوى دوکان نەک تەنها بۆ هەرێمى کوردستان سوودى هەبووە، بگرە سوودێکى زۆریشى بۆ پارێزگاکانى خوارووى عێراق هەبووە، کەواتە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک نەک تەنها زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە تەواوى عێراق دەگەیەنێت.

وەزیرى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان ئاشکراشیدەکات سەرەڕای ئەوەی بە وردى نازانن بڕى چەند زیان بە هەرێمى کوردستان کەوتووە، بەڵام "دەتوانین بڵێین زیانەکان یەکجار زۆرن، هەڕەشەى کەم ئاوى کەوتووەتە سەر زیاتر لە ٨٠ هەزار هاووڵاتى شارۆچکەى قەڵادزێ و زیانى ماددى زۆریش بە پڕۆژەکانى وەک پڕۆژەى بەخێوکردنى ماسى و پڕۆژەکانى دیکەى جووتیاران، ئاژەڵداران و پڕۆژەکانى گەشتیارى و چەندین پڕۆژەى دیکەى ناوچەکە کەوتووە".

عەبدولستار مەجید ئاماژەى بەوەشداوە کە ئێران زیاتر لە ١٠ ساڵ پێش ئێستا سەرقاڵى دروستکردنى بەنداوێکە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە سنوورى شارى سەردەشت، لەم کات و ساتەدا ئێران بە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک و کۆگاکردن و گلدانەوەى ئاو لە بەنداوى کەلوەتە لە سنوورى سەردەشت، جگە لەوەى وەک ئێران خۆى بانگەشەى بۆ دەکات گوایە بۆ سوود بینینى خۆیانە، بەڵام وەک "کارتێکى فشاریشە لە بەردەم پڕۆسەى ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان".

ناوبراو وتیشى، ئێران دەیەوێت بەو هەوڵەى هەژموونى خۆى بسەپێنى بەسەر گەلى کوردستاندا، وا خوێندنەوە بۆ ئەم کارەى ئێران دەکرێت کە خەڵکى هەرێمى کوردستان نەتوانن سەربەخۆیانە بڕیار لە چارەنووسى خۆیان بدەن.

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى عێراق بە کەمتەرخەم ناودەبات و وتى، لەبەرئەوەى رێککەوتن لەسەر حکومەتى عێراقە و لایەنى پەیوەندیدار عێراقە دەببێت هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر بە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک لە لایەن ئێرانەوە، ئێمە داواشمان لە عێراق کردووە هەڵوێست بنوێنن و فشار لەسەر ئێران دروست بکەن، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا بێدەنگى نەشکاندووە لەمبارەیەوە.

عەبدولستار مەجید ئەوەشی نەشاردەوە ئەگەر ئێران لەسەر گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک بەردەوام بێت، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە پێدەچیت خۆی وەک وەزیری کشتوکاڵ بە شاندێکى فەرمی سەردانى ئێران بکات.

ئاشکراشیدەکات حکومەتى عێراقیان وتووە ئەگەر ئێران دوو مەترسێجا ئاو لەسەر هەرێمى کوردستان بگرێتەوە جا بە هەر مەبەستێک بێت، ئەوانیش لە پێناو دابینکردنى ئاوى پێویست بۆ هەرێمى کوردستان یەک مەترسێجا ئاو لەسەر خوارووى عێراق دەگرێتەوە.

هەروەها وتیشى، ئێمەیش دەزانین مافى ئێرانە سوود لە ئاوى خۆى ببینێت، بەڵام بە مەرجێک زیان بە ئاوى وڵاتانى دراوسێ نەگەیەنێت، ئەمە لە یاساى نێودەوڵەتیشدا هاتووە.


PM:05:47:30/06/2017