مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەبێت.. داعش بەتەمای هێرشە

کەناڵی ئێن ئاڕ تی نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە بەپێی نوسراوێک کە ئاراستەی پارێزگاری کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگاو لیژنەی ئەمنی پارێزگاکەکراوە چەکدارانی داعش پلانیان هەیە بەسێ قۆناغ هێرش بکەنە سەر باشوری کەرکوک و فەوجی کاکەییەکان لەداقوق و قەزای دوبز .

میدیاکە ئاشکرایکردووە نوسراوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک و بە کۆکراوەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری شارەکە و له ٢٩ حوزەیران دەریکردووە داوادەکات بەزوترین کات چاودێری جموجۆڵەکانی داعش بکرێت لەو ناوچانەدا.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕؤژنامەوانیدا وەستا ڕەسوڵ، بەرپرسی میحوەری باشوری کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە ئەو زانیاریانەی بە پروپاگەندە ناوبرد و ڕایگەیاند، داعش لەسەردەمی بەهێزى و توانای خۆیدا نەیتوانی بستێک لە خاکى کەرکوک داگیر بکات، ئێستا کە لە تێکشکانە تەنانەت ناتوانێت لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەش نزیک ببێتەوە.

ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت، زوو زوو نوسراوی لەو شێوەیە و زانیاریان ئاراستە دەکرێت بەڵام ناڕاستن و هیچ بنەمایەکیان نیە و تەنها بۆ ترساندنی خەڵکە.

قەزاى حەویجە لە پارێزگاى کەرکوک تا ئێستا لەژێر دەستى چەکدارانى داعشدا ماوە، فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن هەرچەندە تا داعش لە حەویجە بمێنێ مەترسى هەیە، بەڵام پێشتر ١٧ هێرشى فراوانیان کردووەتە سەر کەرکوک و هەموو هێرشەکانیشیان شکستیهێناوە، ئێستاش کە توانای ئەوتۆیان نەماوە ناتوانن لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیک ببنەوە.



PM:09:38:30/06/2017