تاران لەسەر كچانی لەشفرۆشی ئێرانی لە سلێمانی روونكردنەوە دەدات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆكاری سیاسەتی تاكڕەوانە و دەستوەردان و دووژمنكاری و داگیركاری و شەڕ و پاكتاوی نەژادی و تیرۆر و ئەمریكا و هەندێك لە هاوپەیمانەكانیشی لەم بوارانەدا تێوەگلاون.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راپۆرتێكدا لەسەر قاچاغی سێكسی ژنان‌و كچانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان‌و دوبەی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە. راپۆرتەكە بخوێنەرەوە

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە، كە تێیدا باسی لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ و گواستنەوەی ژنان و كچانی ئێران بۆ شاری سلێمانی هەرێمی كوردستان و ئیمارات و پاكستان و ئەفغانستان كردبوو بۆ كاری لەشفرۆشی.

قاسمی ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە شەرمەزار كرد و ئەو تۆمەتانەی دژی ئێرانی رەتكردەوە و باسی لەوەشكرد، كە ئەمریكا لێوەشاوەیی و شەرعیەتی پێویستی بۆ خستنەڕووی ئەم راپۆرتانە لە دەست داوە.
دەشڵێت "ئەمە راستییە، نمونەی ئەم جۆرە راپۆرتانە تاكلایەنەیە و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە شكۆی ئێران".

روونیشیكردووەتەوە كە تۆمەتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی تاران بنەمایان نییە، ئێران لە ژێر بنەمای ئیسلامیدایە و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردنی مرۆڤی دەركردووە و سزای بۆ هەموو شێوەكانی ئەم دیاردەیە داناوە.



AM:10:16:01/07/2017