بەهۆی مەترسی ریفراندۆم عێراق گەنمی جوتیارانی هەرێم وەرناگرێت

پاش كێشەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێران، ئەمجاریش وەرنەگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن بەغدا سەرهەڵدەدات.

ئەمڕۆ یەكشەممە ٢ عەبدولستار مەجید, وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی كێشەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك، رایگەیاند، هەموو وڵاتێك بۆی هەیە سود لە ئاوی هەڵقوڵاوی خۆی یان تێپەڕبوون بەناویدا ببینێت، جا بۆ بەنداو دروستكردن بێت بۆ كارەبا یان گەشتوگوزار، بەڵام بەشێوەیەك نا كە زیان بە وڵاتی دووەم بگەیەنێت، گرتنەوەی ئاو یان هەر هۆكارێكی تر رێككەوتنی جیهانی هەیە كە چۆن مامەڵەی پێوە دەكرێت.

وتیشی "بەپێی ئەوەی رێككەوتنەكە هەیە نابێت ئاوی خواردنەوە ببڕێت و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە بە دروستكردنی بەنداوی كەلوەسە لە سنوری سەردەشت و قەڵادزی، لەلایەن حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس زیانمەند دەبن و هەروەها پڕۆژەی ماسی و بەروبومی كشتوكاڵ و بەنداوی دوكان بەڕێژەی سەدا ٦٠ زیانمەند دەبێت، جگە لەوەی زیانی زۆر دەگەیەنێت بە كشتوكاڵی ناوچەكانی كەركوك و دووز".

لەبارەی هەوڵەكانیانەوە بۆ چارەسەری كێشەكە، عەبدولستار مەجید وتی "هەر لەسەرەتای كێشەكەوە سەرۆك و جێگری حكومەتم ئاگادار كردۆتەوە لەگەڵ بەرپرسانی ‌ئێرانیش قسەمان كردووە بەردەوامین، لەگەڵ حكومەتی عێراقیش لەسەر خەتین چونكە زەرەرمەندی یەكەم حكومەتی عێراقە لەبەر ئەوەی كە ئێران ئاو بگرێتەوە ئەوا ئێمەش دەیگرینەوە، هیواداریشین ئێران چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە, چونكە لە رابردوشدا زۆر هاوكارمان بووە، داواكارین تا هەفتەی داهاتوو كێشەكە چارەسەر ببێت".

لەبارەی پلانەكانی خۆیان, وەزیری كشتوكاڵ رونیكردەوە، سەرەتا ئەوە بڕیارێكی سیاسییە پەیوەندی بە هیچ شتێك نییە، تەنیا بەهۆی ریفراندۆمەوەیە، بۆیە دەبێت لەڕێی سیاسیشەوە چارەسەر ببێت، وەك پلانیش لەمەودوا ئاو كەمتر بەردەدەینەوە لە بەنداوەكان، هەوڵی زیاتری گلدانەوە دەدەین و زیاتر گرنگی بە ئاو دەدەین.
لەبارەی كێشەی زیادبونی بەروبومی ناوخۆ عەبدولسەتار مەجید، رایگەیاند، زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ لە ئێستادا هۆكاری بۆ نەبوونی كارگە و هەناردەكردنی بۆ دەرەوە دەگەڕێتەوە، چونكە ماوەی چەند ساڵێكە بەرهەمی ناوخۆ لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، بۆیە یان دەبێت كارگە و ساغكردنەوە و ناردنە دەرەوە هەبێت یان دەبێت كەمتر بەرهەم بێت ئەوە بابەتێكی ئابوورییە پەیوەندی بە وەزارەتەوە نییە, حكومەت دەبێت جارەسەری بكات.

دەشڵێت "زۆر پێویستە خەم لەبەروبومی ناوخۆ بخۆین, ئێمە سێ ساڵە لەكاتی پێڕاگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ هەمان بەرهەم باجی دەخەینە سەر لە هاوردەكردنی ئەوە هەوڵی یەكەمە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەرەو پێش ببرێت، بۆیە ئەگەر بەرهەم فڕێبدرێت یان نا ئێمە كاری خۆمان كردووە و دەیكەین ماوەی یەك مانگە یەك تەن خەیار نەهاتۆتە هەرێمی كوردستان چونكە خەیار پێگەیشتووە".
لەبارەی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ، وەزیری كشتوكاڵ وتی "ئێستا باشترین شوێن بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان بازاڕەكانی عێراقن بەتایبەت ناوچە ئازادكراوەكان و موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر، وە داواشمان لە كونسڵەكان كردووە كە بەرهەمی ئێمە ببەنە وڵاتەكانیان بۆ ئەوەی بە بازرگانانی پیشانبدەن و ئەگەر بیانەوێت بیبەن بۆ وڵاتەكانیان لە هەموو روویەكەوە هاوكاریان دەكەین هەم ئاسانكاری هەمیش ماددی و مەعنەوی".

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، لەبارەی كێشەی گەنمی جوتیارانەوە رایدەگەیەنێت "داوامان كردبوو وە رێككەوتنیش وابوو كە گەنم رادەستی سایلۆكانی حكومەتی عیراق بكرێت وەك شێخان و مەخمور و خانەقین و ئەو ناوچانەی دەكەونە دەرەوەی هەرێم، بەڵام نەكرا, چونكە عێراق داوای مناقەلەی كرد".

وتیشی "دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی عێراقی بەڵێنیان بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان دا كە پشكی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم واتە ناوچەكانی مادەی 140 بە مسۆگەری لەسەر پشكی هەردوو پارێزگای موسڵ و دیاله وەربگرن و بە كردەوەش لە قەزای مەخمور ئەم بەڵێنەیان جێبەجێ كرد، بەڵام تاكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە".

هەروەها هێمای بۆ ئەوەشكرد، سەرباری ئەمەش لە بەغدا بڕیارێك دەرچوو كە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخمور رابگیرێت، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەش بووین دەرگای سایلۆ بەڕووی جووتیارانی خانەقیندا بكرێتەوە، بۆیە یەكسەر بە تەلەفۆن لەگەڵ هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و بازرگانی عێراق قسەمان كرد و بەدواداچوونمان كرد تاكو ئەم كێشەیە چارەسەر بێت، بەڵام دەركەوت كە بەغدا داوای زەمانەتی موناقەلەی گەنمی وەرگیراوی ئەم ناوچانە دەكەن بە پێی پلانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، چونكە مەترسی جیابونەوە و ریفراندۆم هەیە بۆیە هەر بەپەلە بە نوسراوێكی رەسمیمان ئاڕاستەی بەغدا كرد و تێیدا داوامان كرد ئەو بەڵێنەی داویانه جێبەجێی بكەن كە هەموو گەنمێك رادەست دەكەین و دەینێرین لەئەگەری جیابوونەوە".



PM:02:13:02/07/2017