پارێزگاری هەڵەبجە: قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە غەدر لە هەڵەبجە نەكرێت

ئەمڕۆ 2/7، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد

لەمبارەیەوە عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ووتی: سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵبەجە بە سەرۆكایەتی شاندێك بووە كە پێكهاتووە لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و شەهیدان و جێگری وەزیری ناوخۆ و كۆبونەوەیەكی گرنگ كراوە لەگەڵ بەڕێوبەرە گشتیەكانی شارەكە و كۆمەڵێك گرفت و كێشە خراوەتە بەردەم شاندی ئەنجومەنی وەزیران.

پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت وتیشی: لە كۆبونەوەكەدا چەند خاڵێك خرانە ڕوو كە خۆی لە 14خاڵدا دەبینێتەوە لەوانە ،مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵەبجە وەك پاریزگایەكی سەربەخۆ ، گەڕانەوەی ئەو فەرمانگانەی سەر بە حكومەتی عێراقین بۆ شارەكە و بە وردی تاوتوێ كرا و بەڵێن درا كە هیچ جیاوازیەك نەكرێت لەگەڵ هەڵەبجە لە بودجە و پرۆژەكاندا.

وتیشی : لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێكی خێرا درا كە سەرەكی ترینیان جیاكردنەوەی دارایی هەڵەبجە لە سلێمانی و ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هێنانەوەی بەڕێوبەڕە گشتیەكان و پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوون.



PM:02:34:02/07/2017