حکومەتی هەرێم بڕیار لەسەر نەمانی پاشەكەوتی موچە دەدات

حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە پاشەكەوت لەسەر موچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت و لەسەر سیستەمی بایۆمەتری موچە دابەش بكات.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران كۆ بووەوە، داوایان لێ كراوە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران كە لە مانگی ئەیلوول دابەش دەكرێت بێ پاشەكەوت ئامادەی بكەن.

بە پێی زانیارییەكان بڕیارە حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا تاوتوێی پێدانی موچەی فەرمانبەران بكات و ئامادەكاری بكات بۆ پێدانی موچەی مانگی ئەیلوول بەسیستەمێكی نوێ و لەسەر بنەمای بایۆمەتری، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی رێنوێنیی گشتاندووە بۆ وەزارەتەكانی حکومەتی هەرێم.

لەمبارەیەوە د. خاڵس قادر بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە وشەی راگەیاندوە كە حکومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت لەسەر موچە هەڵدەگرێ. لە كۆبوونەوەی نوێنەرانی وەزارەتەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی، داوا كراوە لیستی موچەی مانگی حوزەیران كە لە مانگی ئەیلوول فەرمانبەران موچەكە وەردەگرن، پاشەكەوت لە لیستی موچەدا هەڵبگیردرێت، بەڵام فەرمانبەران وەك ئێستە موچەكە وەردەگرن".

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارتی تەندروستی روونی كردەوە، ئامانج لەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم تاوتوێكردن و خۆ ئامادەكردنە بۆ داڕشتنی سیستەمێكی نوێی موچە بەگوێرەی سیستەمی بایۆمەتری كە لەگەڵ موچەی بنەڕەتی، فەرمانبەران تەنیا دەرماڵە جێگیرەكان وەردەگرن. گوتی، "سیستەمە نوێیەكەی وەزارەتی دارایی ئامادەی دەكات بۆ موچەی مانگی ئەیلوول دەخرێتە كار و فەرمانبەران بە سیستەمە نوێیەكە موچەكانیان وەردەگرن".



PM:01:05:09/07/2017