یەكێتی پێشنیارێكی نوێ دەخاتە بەردەم پارتی و گۆڕان
"كاراكردنەوەی پەرلەمان و كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر دەكات"

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشنیازێكی نوێ بۆ یەكخستنی لایەنەكان پێشكەش دەكات و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت "بەپێی پێشنیازەكە كەسی یەكەمی حزبەكان كۆدەبنەوە و دەگەنە ڕێكەوتن".
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بژاردەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرفتی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم دەخاتە بەردەم لایەنەكان، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش وردەكاریی ئەو بژاردەیە ئاشكرادەكات.

ئەحمەد قەدەفەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بە تۆڕی هەواڵ سلێمانی  ڕاگەیاندووە "بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم لەهەرێم، پێویستە لەلایەن دامەزراوەیەكی یاسایی و شەرعیەوە پەسەندبكرێت كە ئەویش پەرلەمانی كوردستانە".

وتیشی "ئەولەویەت لەئێستادا كاراكردنەوەی پەرلەمانە كە پێویستە ڕیفراندۆم لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئامادەكاریی بۆ بكرێت، جگەلەوەش كرۆكی هەموو كێشە سیاسیی و داراییەكان كە بەرۆكی هەرێمی گرتوە، پرسی سەرۆكایەتی هەرێمە".

سەبارەت بەپێشنیازو بژاردەكانی یەكێتیش بۆ ئەم دۆخە قەدەفەری وتی "پێویستە لەقۆناغی یەكەمدا پەرلەمان كارابكرێتەوە و لەهەمانكاتدا ئەو ڕێوشوێنانەی تایبەتن بەئامادەكارییەكان بۆ ڕیفراندۆم لەلایەن پەرلەمانەوە بەئەنجام بگەیەندرێ و لایەنە سیاسیەكان و كەسی یەكەمی حزبەكان  دانیشتن ئەنجامبدەن و بگەنە سازان و ڕێكەوتن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم".

وەكو ئەو وتی "دواتر لەپەرلەمانی كوردستان ئەو ڕێككەوتن و سازانە پەسەند بكرێت و بكرێتە بنەمایەك بۆ كاراكردن و یەكلاكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم".

"سپی میدیا" بۆ پشت ڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە پەیوەندی كرد بە دوو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام بەردەست نەبوون.



PM:02:22:09/07/2017