سەرباری ٣٤ دەنگی ناڕازی
د. نەجمەدین کەریم هاورێیەتی بارزانی کرد بۆ ئەوروپا

سەرباری ئەوەی لەکۆی ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ٣٤ ئەندام ناڕازی بوون لە بەشداریکردنی د. نەجمەدین کەریم و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی ریفراندۆم، بەلآم ئەمڕۆ د. نەجمەدین کەریم هاوەڵی بارزانی و وەفدێکی لیژنەی بالآی ریفراندۆمی کرد بۆ ئەوروپا. 

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەمڕۆ ٩ ی تەموز نەجمەدین کەریم بە هاوەڵی بارزانی و هۆشیار زێباری و نوێنەرانی حیزبەکانی تری هەرێم بە سەردانێک بۆ پاڵپشتی پەیداکردن بۆ پرسی ریفراندۆم گەیشتنە برۆکسل.

ئەم بەشدارییەی د. نەجمەدین کەریم لە کاتێکدایە کە دوێنێ ٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دژی ئەو بەشداریە وەساتنەوە کە قوباد تاڵەبانی و د. نەجمەدین کەریم بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆمیان کرد.

ئەو ٣٤ ئەندامە لەو راگەیاندنەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر بەرپرسێک یەکێتی بەشداری کۆبوونەی لیژنەی بالآی ریفراندۆم بکات، نوێنەرایەتی یەکێتی ناکات، لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی خۆیدا کە مانگی رابردوو سازکرا  جەختی لەسەر ئاساییکردنەوەی بێ مەرج پەرلەمان کردەوە.

 



PM:10:14:09/07/2017