یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی موسەنا ئەمین دەدەنەوە

هەریەکە لە فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەدەنەوە.

لە میانی ڕاگەیەندراوێکیدا کە ئاڕاستەی جەماوەی خەڵکی کوردستانیان کردووە لەسەر قسەکانی عەمار حەکیم و دەڵێن هەڕەشەی لە کورد نەکردووە بەڵکو باسی مەترسییەکانی کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ئیمزای سەرۆکی هەر سێ فراکسیۆنەکەی لەسەرە هاتووە " عەمار حەکیم هیچ هەڕەشەیەکی نەکردووە بەڵکو لە مەترسییەکان ئاگاداری کردین و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەموو گفتوگۆیەک. عەمار حەکیم باسی لەوە کرد کە دوێنێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران گەڕاوەتەوەو سەرکردە ئێرانیەکانی بینیوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ئەوەی ئەو خوێندنەوەی بۆ کردووە لە قسەکانیان هیچ ڕازیبونێکی تێدا نییە، ئەم بابەتی ڕاپرسی و دەوڵەتی سەربەخۆیەش ڕاستەوخۆ ئەمنی قەومی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ڕاپرسی دەربڕیوە و دوور نییە ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە تێک بدرێت"

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاندبوو کە عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزە شیعەکان هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە بخوێنەرەوە

عەمار حەکیم هەڕەشەی نەکرد باسی مەترسییەکانی کردووە

جەماوەری بەشەرەفی خەڵکی کوردستان

ئاشکرایە لای هەموان کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتتر،بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ڕووداوەکان زۆر خێران و خوێندنەوەیان ئەگەری زۆر هەڵدەگرێت، بۆچوونە جیاوازەکانیش گرفت و کێشەیان دروسکردووە، لە هەمووی هەستیارتر ئەوەیە کە هەندێ کەس و لایەن لەم قەیرانەدا دەیانەوێت خۆیان بە قارەمان و بەرامبەرەکانیان بە خائین وێنا بکەن ئەمە جگە لە پینەکردنی شکستەکانیان، بە نەزۆکی تێنەگەشتنیانە لە خوێندنەوەی ڕووداوەکان.

سەردانی فراکسیۆنەکان بۆلای عەمار حەکیم، بەشێک بوو لەو جوڵە سیاسییەی کە دەبێت کورد لە بەغدا هەنگاوی بۆ بنێت، دوو ئامانج لە سەردانەکەدا هەبوو:

یەکەمیان: ڕێگریکردن بوو لەو هەڕەشانەی کە کوردانی فەیلی و هەندێک کوردستانیانی دیکە کە نیشتەجێی ئەو جێگایانەن دەگرێتەوە، تا پارێزراوبن لە ڕێگەی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان.

دووەمیان: زانینی هەڵوێستی هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزە شیعەکانە لە ڕاپرسی و ئەگەرەکان و زانینی ئەوەی تا چەند ئامادەیی گفتوگۆیان هەیە لەسەر ئەو بابەتە.

لەسەردانەکەدا ئەمانە باسکراون:

١.عەمار حەکیم هیچ هەڕەشەیەکی نەکردووە بەڵکو لە مەترسییەکان ئاگاداری کردین و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەموو گفتوگۆیەک. عەمار حەکیم باسی لەوە کرد کە دوێنێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران گەڕاوەتەوەو سەرکردە ئێرانیەکانی بینیوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ئەوەی ئەو خوێندنەوەی بۆ کردووە لە قسەکانیان هیچ ڕازیبونێکی تێدا نییە، ئەم بابەتی ڕاپرسی و دەوڵەتی سەربەخۆیەش ڕاستەوخۆ ئەمنی قەومی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ڕاپرسی دەربڕیوە و دوور نییە ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە تێک بدرێت.

٢.باسی هەڵوێستی تری وڵاتانی دەوروبەری کرد،کە تورکەکان زۆر نیگەرانن و وڵاتانی عەرەبیش بە هەمان شێوە،عەمار حەکیم وتیشی کە ئەو بابەتە لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە ورد لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.

٣.سەبارەت بە هەڵوێستی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ، لە ئێستادا وا هەست دەکەن کە هەرێم فرسەت دەهێنێت لەلاوازی عێراق و سیاسەتی ئەمری واقیع دەسەپێنێت، بۆیە ئەم بۆچونە دەگوازرێتەوە بۆ شەقام و شەقامیش کۆنتڕۆڵ ناکرێت و کارەسات روودەدات (ئەمە لەکاتێکدا هەرێم و بەغدا لە پەیوەندییەکی خراپدان بە تایبەت لە مەسەلەی نەوتدا).

٤.سەبارەت بە ناوخۆی خۆتان واتە (لایەنە سیاسییەکانی هەرێم) وتی؛ هێزەکانتان پەرتەوازەن و پەرلەمانەکەتان پەکخراوە و کار گەیشتووەتە ئەوەی ڕێگە لە هاتنی هەندێک کەسایەتی دەگیرێت بچنە هەولێر.

هەر بۆیە:

بە بڕوای عەمار حەکیم ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی وردی بۆ نەکراوە و ئامرازەکان ئامادەسازیان بۆ نەکراوە و خوێندنەوەی باش بۆ دۆخەکە نەکراوە،وقسە لەگەڵ لایەنە راستەوخۆکانی بابەتەکە نەکراوە وەک پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق،و چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان نەکراون بە نەخشە ڕێگا بۆ بابەتی گشتپرسی. هەر بۆیە ئەم وتانەی بەڕێز عەمار حەکیم هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ قسەی هەندێ سەرکردەو و پەرلەمانتار و ڕۆشنبیر کە ئاماژە بەو ئەگەرانە دەکەن کە ڕوبەڕوی هەرێمەکەمان دەبێتەوە.

لەبەرامبەردا هەندێ بەڕێزیش ئەم وتانە بە هەڕەشە لە قەڵەم دەدەن، دەکرێت ڕوبەڕویان ببینەوە لە کاتی خۆیدا و هەمان قسەش بەرامبەر بە ئەردۆگان و سەرکردە سونییەکان بکەین. ئەمە ئەگەر وروژاندنی ئومەمییەکانە ئەوا ئێمە وەکو کورد نامانەوێت شەڕی فرە لایەن بکەین و لە بەغداد وەک نوێنەری کورد مامەڵە دەکەین نەک نوێنەری ئاڕاستەیەکی جیهانی و ئیقلیمی.

ئاڵا تاڵەبانی – سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

سروە عەبدولواحید – سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق

ئەحمەد حاجی رەشید – سەرۆکی فراکۆسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق



PM:04:58:10/07/2017