حکومەتی هەرێم دوا وادەی دەستکاریکردنی پاشکەوتی مووچەی راگەیاند

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوا وادەی دەستکاریکردنی سیستەمی پاشکەوتی مووچەی راگەیاندو وتی " پاش تەواو بوونی پرۆسەی بایۆمەتری مووچە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەدا دەكرێت ولیژنە پەیوەندیدارەكانیش راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە ئامادەكردووە".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی پێداچوونەیە بە موچەی فەرمانبەران، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی دوارۆژ  راگەیاندووە"حكوومەت خەریكی پێداچوونەوەیە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێك نەدراوەو لیژنە پەیوەندیدارەكان راپۆرتی خۆیان پێشكەشكردووە دوابەدوای تەواو بوونی پڕۆسەی بایۆمەتری بەپێی داهاتی دەستكەوتوو گۆڕانكاریی لە سیستەمی موچەدا ئەنجامدەدرێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دزەیی دەڵێت" ناتوانرێت كاتەكەی بە دیاریكراوی دەستنیشان بكەین، چونكە تاوەكو ئێستاش وەزارەتی دارایی و لیژنەكان لە كارەكانیان بەردەوامن، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەنجوومەنی وەزیران لەكاتی خۆیدا بڕیاری لەبارەەوە دەدات".

دەربارەی چۆنێتی دەستکاریکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، سەفین دزەیی دەڵێت "بە گوێرەی ئەو داهاتەی حكوومەت دەبێت كە دەستیدەكەوێت ‌و هەر بڕیارێكیش بدرێت هەوڵدەدرێت لە بەرژەوەندی مووچەخۆران بێت".



PM:12:59:11/07/2017