هۆکاری داواکردنی لیستی موچە بێ پاشەکەوت ئاشکرا دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم داوای کردووە لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان بەبێ پاشەکەوت بنێردرێت سەرپەرشتیاری تۆماری بایۆمەتریش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

سەرپەرشتیاری تۆماری بایۆمەتری لەپارێزگای سلێمانی ھۆکاری داواکردنی لیستی موچەی مانگی حوزەیران بەبێ پاشەکەوت لەوەزارەتەکان ئاشکرادەکات.

نەورۆز مستەفا، سەرپەرشتیاری تۆماری بایۆمەتری لەپارێزگای سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، داوای لیستی موچەی مانگی حوزەیرانی بەبێ پاشەکەوت کردووە، ئامانج لەداواکردنی لیستەکە تەنھا بۆکارکردنە لەلیستەکەدا واتە بەراوردکردن و وردبینیکردنیەتی لەگەڵ ئەو لیستەی بایۆمەتری تایبەت بەموچە کە لەئەنجومەنی وەزیرانە".

وتیشی"داواکردنی لیستەکە بۆ کاری ئیدارییە، نەک بۆ دابەشکردنی موچە، پاشەکەوت ھیچ پەیوەندیەکی بەو داواکاریەوە نییە".

ماوەی نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگە، حکومەتی ھەرێم بەپاشەکەوتەوە موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکات، بڕیاریشە لەمانگی ئەیلولەوە بەگوێرەی سیستمی بایۆمەتری دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بکرێت.



PM:02:02:11/07/2017