فراكسیۆنی یەكێتی بەتوندی وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەداتەوە

فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتوندی وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەداوەتەوە، كە لەسەر سەردانەكەی جەلال تاڵەبانی بۆ ئێران قسەی كردبوو.


لەوەڵامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە "عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لێدوانێكی پڕ لەقین‌ و ناشایستەی لەبارەی سەردانەكەی مام جەلال بۆ ئێران بەمیدیاكانی حیزبەكەی‌ و كەناڵی عەرەبی دابوو، وەك هەوڵێك بۆ سەرقاڵكردنی خەڵكی كوردستان بەپرس‌ و باسی لابەلاوە و داپۆشینی شكستی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان‌و گیرۆدەكردنی خەڵك بەبارودۆخێكی خراپی ئابووریی‌و سیاسی‌و قانونی لەكوردستان".

دەقی ڕوونکردنەوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا لە چەند خاڵێکدا:

یەكەم: سەردانی مام جەلال زۆر دەمێكە ئامادەیی بۆ كراوە، جگە لەدیداری دۆستانەی تایبەت هیچ شتێكی دیكە لەئەجێندای سەردانەكەدا نییە.

دووەم: سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپرسی ریفراندۆم روونە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پرسە بەرێكاری یاسایی‌و دروستی خۆیدا تێپەڕێت‌و هەم سازان‌و تەوافوقی سیاسی لەسەر بكرێت‌و كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشێكبن لەبڕیاردان لەو پرسە چارەنوسسازە، هەمیشە لەرووی قانونییەوە ئامادەیی بۆ بكرێت‌و لەپەرلەمانی كوردستان وەك تاكە مەرجەعی قانونی خەڵكی كوردستان بڕیاری لێبدرێت، هەروەك لەدوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بەروونی بڕیارمان لێدواوە.

سێیەم: ئەگەر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باس لەوە دەكات بارزانی چەند جارێك سەردانیكردنی ئێرانی رەتكردووەتەوە، ئەوا دەزانین لەسەر داوای ئەردۆغان‌و ئاك پارتی بووە نەك بڕیارێكی سەربەخۆی پارتی، بەڵام خۆ هەموومان هەقی ئەوەمان هەیە بپرسین، بۆچی بارزانی هەموو رۆژ لەڕێی ئەنقەرەو ئیستەمبۆڵدایەو رێككەوتنی ژێربەژێریی‌و پەنجا ساڵی ئیمزا دەكات؟ هەروەك دەشزانین ئەگەر سەردانیكردنی ئێرانی رەتكردبێتەوە ئەوا لەبەرئەوە بووە ئێرانییەكان وەك ئەوەی ئەو دەیەوێت ئامادەنین پێشوازیی لێبكەن.

چوارەم: هەرێمی كوردستان بەبارودۆخێكی سەختی ئابووری‌و پڕ لەكێشەو ئاڵۆزیی سیاسی‌و قانونیدا تێدەپەڕێت‌و پرۆسەی سیاسی‌و قانونی بەتەواوی پەكیكەوتووە، پێمانوایە ئەم لێدوانانە نەك خزمەت بەیەكڕیزی نیشتیمانی خەڵكی كوردستان ناكات، بەڵكو دەبێتە هۆی لێكترازانی زیاتری پەیوەندیەكانمان لەناوخۆو لەبەغدا، هیوادارین پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری لەم شێوە لێدوان‌و گوتارە سیاسییە بكات.

جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی رۆژی شەممە سەردانی تارانی پایتەختی ئێران كرد و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەزاری چەند بەرپرسێکەوە نیگەرانیان بەرامبەر ئەو سەردانە دەربڕی.



PM:02:59:11/07/2017