فراکسیۆنی یەکێتی یەکگرتنی لەگەڵ گۆڕان ڕاگەیاند

فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان ھاوپەیمانێتی نێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و گۆڕانی لەپەرلەمانی کوردستان قبوڵکرد.
 

ئەمڕۆ 13ی تەمموز فراکسیۆنی یەکێتیی لەپەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەپێکھێنانی ھاوپەیمانێتی لەنێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و گۆڕاندا کۆبوەوە، دوای کۆبونەوەکەش ڕاگەیەنراوێک ئاراستەی سەرکردایەتی ھاوبەشی یەکێتیی و گۆڕان و ھاوکات دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش کراوە.

لەو ڕاگەیەنراوەدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە فراکسیۆنی یەکێتیی دوو بڕیاری دەرکردوەو ئاماژەی بەوەداوە، پابەندی بڕگەی (1)ی مادەی (16)ی ڕێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەبین، وەک چۆن پابەندی بڕیاری سەرکردایەتی ھاوبەشی ھەردولاش دەبین سەبارەت بەپێکھێنانی ھاوپەیمانی نێوان ھەردوو فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتیی.

فراکسیۆنی یەکێتیی لەڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت:"لەو پێناوەدا فراکسیۆنەکەمان ئامادەیە لەھەر ڕۆژێکدا کە سەرکردایەتی ھاوبەش دیاریبکات، ڕاستەوخۆ کۆبونەوەی ئامادەکاریی بۆ ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانێتیەکە و بەکردارەکی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەستپێبکات".

ڕاگەیەنراوەکە کە لەدوو خاڵ پێکھاتوە، لەکۆتا خاڵدا داواکاریەکی ئاراستەی سەرکردایەتی ھاوبەشی ھەردولا کردوەو داوایکردوە "سەرکردایەتی ھاوبەش ڕۆژێک بۆ ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانێتیەکە دیاریبکات، بەتایبەتی کە دروستکردنی ئەو ھاوپەیمانێتیە ھەنگاوی زۆری بڕیوە و کارنامەشی ئامادەکراوە".



PM:02:53:13/07/2017