یەكێتی: لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا نین

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا نیە، دەشڵێت "هەر كەسێك لیستی هەڵبژاردن دروستبكات، دەبێت لەناو یەكێتیدا نەمێنێت".

رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی "ژیان"دا جەختیكردۆتەوە، یەكێتی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە جارێكیتر ماوەی سەرۆكی هەرێم درێژ بكرێتەوە.

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش، رزگار عەلی دەڵێت "سەرۆك كۆمار و وەزیر و ئەندام پەرلەمانی كورد لە بەغدا هەیە، ناكرێت ئەو بابەتە بەتێكەڵ و پێكەڵی بێت، هەموو وڵاتان پشتگیری خۆیان دەربڕیوە، بەڵام وتویانە بچن لەگەڵ بەغدا دابنیشن".

لە ئەگەری دروستبونی لیستی جیا لەناو حزبەكەیدا، ئاماژەی بەوەكردوە، هەر كەسێك ئازادە لەوەی لیست دروست بكات، بەڵام دەبێت لەناو یەكێتی نەمێنێت، یەكێتیش نەهێڵێت لەناو ریزەكانیدا بمێنێتەوە.

لە بارەی ناوەندی بڕیاریشەوە، كە لە رابردودا لەناو یەكێتی راگەیەندرا، رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكرایكردوە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ناوەندی بڕیار نەبوە و دەڵێت "كێ دەیەوێت دەسەڵاتی هەبێت دەبێت كۆمیتەی سەركردایەتی بیداتێ".



PM:03:32:16/07/2017