بەغدا لەبارەی گەنمی جوتیارانەوە بڕیاریدا

وەزارەتی بازرگانی عێراق ماوەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی تاوەكو ٢٥ی ئەم مانگە درێژكردەوە.

بەپێی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە و ئاڕاستەی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك كراوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری داوە ماوەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم تاوەكو ٢٥ی تەمووز درێژ بكاتەوە.

پێشتر ماوەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران هەرێم لەلایەن بەغداوە تاوەكو ١٥ی ئەم مانگە بووە، بەڵام بەپێی ئەم نووسراوە جوتیاران دەتوانن هەتا ٢٥ی مانگ گەنم بدەنە سایلۆكان.

حكومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧ بریاریداوە  ٤٤٢ هەزار تەن گەنمی هەر سێ پاریزگاكەی هەرێم وەربگرێت، بە جۆرێك ١٧٥ هەزار تەن بۆ شاری دهۆك و ١٥١ هەزار بۆ هەولێر و ١١٥ هەزار تەنیش بۆ سلێمانی.
بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار تەن بێت، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاریداوە تەنها لەسەدا ١٧ی ئەو بڕە وەربگرێت كە نزیكەی ٥٠٠ هەزار تەن دەكات.

سەبارەت بەو بڕە گەنمەشی كە دەمێنێتەوە دەتوانرێت لەناوخۆی هەرێمی كوردستان ساغبكرێتەوە، بەڵام هەر تەنێك بە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت، ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنی هەر تەنێك ٥٠٠ هەزار دینار دەدات بە جوتیاران.

بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەڵێن لەگەڵ بەغدا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بڕێكی زیاتر لە گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت.



PM:03:07:18/07/2017