ئێران ئاوی روبارێكی دیكەی هەرێمی گرتەوە

لەپاش گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك، ئەمجار حكومەتی ئێران سەرچاوەی ئاوی روباری قۆڕەتووی گرتەوە كە ئاوی سنوری نێوان كەلار‌و خانەقینی دابین دەكرد.

لەمبارەیەوە  سروە محەمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قۆڕەتووی سەر بەشارۆكەی خانەقین بە"وشە"ی وتووە: ماوەی چەند رۆژێكە ئێران سەرچاوەی ئاوی رووباری قۆڕەتووی گرتووەتەوە كە ئاو بۆ ناوەندی شارەدێكەمان و 20 گوندی ناوچەكە دابین دەكا.

وتیشی: ئەوە سێیەم ساڵە بەپرسانی ئێران ئاوی قۆڕەتوو دەگرنەوە و بەو هۆیەوە جگە لە بێئاوبوونی شارەدێكمان و گوندەكانی دەورووبەری، هاوكات هەزاران سەر ئاژەڵ زیانیان پێ دەگا.

بەڕێوەبەری شارەدێی قۆڕەتوو باسی لەوەش كرد كە ناوچەكەی ئەوان دوورە لە شارۆكەكانی كەلار و خانەقینەوە، بۆیە پەنایان بۆ لێدانی بیر بردووە بۆ دابینكردنی ئاو.

سەرچاوەی ئاوی قۆڕەتوو لە شارۆكەی قەسری شیرینی ئێرانەوە هەڵدەقوڵێ.



PM:10:47:18/07/2017