لە ئاهەنگێکدا لە شاری کەرکوک، حەشدی شەعبی دژی ریفراندۆم و هەڕەشەی هێنانی هێزی نوێیان بۆ ناوچەکە راگەیاند، بەرپرسانی پارتی وەڵامی ئەو لێدوانەیان دایەوە.
بەبۆنەی سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکانەوە لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ، حەشدی شەعبی ئاهەنگێکی لەکەرکوک سازکردو لەو ئاهەنگەدا دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕی، هەروەها ئاماژەیان بۆ هێنانی هێزی زیاتری حەشد کرد بۆ ناوچەکە، لەیەکەم کاردانەوەدا بەپرسێکی پارتی دەڵێت " ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە ھەڕەشە لە ڕیفراندۆم یان پرۆسەکە بکات".
سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ڵیدوانێکدا رایگەیاند" ڕیفراندۆم بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانە و ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە ھەڕەشە لە ڕیفراندۆم یان پرۆسەکە بکات، چونکە ئەمە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانە، لەھەمان کاتدا چارەنووسی ئێمە لەگەڵ ھەولێرە و کەرکووک".
ئەو بەرپرسەی پارتی وتیشی " لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ڕیفراندۆم و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووکیش بەتێکڕای دەنگ کۆبوونەوەیان کردووە و پشتیوانییان ڕاگەیاندووە کە لە کاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت". ههروههاوتیشی ”بۆ حەشدی شەعبی نییە قسە لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم بکات، چونکە کاری ئەوان لە سنووری کەرکووکدا نییە".
پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی ریفراندۆم، بارگرژی نێوان کوردو حەشدی شەعبی لەناوچە جێناکۆکەکان روو لەهەڵکشان بکات.