" مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت پەیڕەو دەکرێت"

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی بایۆمەتری رایگەیاند " ئێستا كار لەسەر سیستەمێكی نوێی مووچە دەكرێت، كە پاشەكەوتی تێدا نییە". 

سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی بایۆمەتری موچە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی روداودا رایگەیاند" پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە 15-6-2017 كۆتاییهاتووە، كۆی ئەو مووچەخۆرانەی تۆماركراون ملیۆنێك و 200 هەزار كەسن، تەنیا دەزگای ئاسایش ماوە تۆمار بكرێت".

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی بایۆمەتری ناوبراو ئاشكراشیكرد، نزیكەی 10%ی تۆماركراوەكان دوو مووچەیان هەیە، كە "زۆربەی ئەو دوو مووچانەش یاسایین".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە ئەو مووچەیەی دەدرێت لەسەر بنەمای بایۆمەتری دەبێت و هەر كەسێك باركۆدی بایۆمەتری نەبێت، لە مانگی نۆوە مووچەكەی رادەگیرێت".

سەفین غەفوور، كە هاوكات راوێژكارە لە ئەنجوومەنی وەزیران لەدرێژە لێدوانەكەی بۆ سایتی روداو ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئێستا كار لەسەر سیستەمێكی نوێی مووچە دەكرێت، كە پاشەوتی تێدا نەبێت، هیچ مووچەیەكیش لە بنەڕەتی كەمتر نابێت و دەستكاری دەرماڵەكانی خێزان، منداڵ و بڕوانامەش ناكرێت".






PM:12:56:24/07/2017