گۆڕان هەڵبژاردنی رێکخەر و خانەی راپەراندنی دەستپێکرد

ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی رێکخەر و شەش ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەستیپێکرد.

سەرەتای دەستپێکردن کۆبوونەوەکە، جەمال محەمەد سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بە وتارێك دەستیپێکرد، لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێویستە لەو پرۆسەیەدا سەرکەون، محاوەلات هەیە بۆ ئەوەی سەرنەکەون، بۆ ئەوەی ئەو ئاوات و خەونەی نەیارانمان هەیەتی بێتە دی.

هەروەها ناوبراو دوا وتاری نەوشیروان مستەفای خوێندەوە کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بۆ گۆڕانی نووسیووەو تیایدا داوای ئاوێتەکردنی تێکۆشانی دێرینەکانی گۆڕان و هیمەتی گەنجانی گۆڕان دەکات.

ئەمڕۆ هەر ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی کە ٥٦ ئەندامە، شەش جار دەنگ دەدات، کە یەکێکیان بۆ ریكخەرەو پێنجەکەی تریش بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندنە.



AM:10:44:25/07/2017