ژنە ئەفسەرێكی تورك سیخوڕی بەسەر كوردە پەنابەرەكانەوە دەكات


ژنە ئەفسەرێكی بەڕەگەز تورك سیخوڕی بەسەر ئەو هاوڵاتییە كوردانەوە دەكات كە لەئەڵمانیا نیشتەجێن و تا ئێستاش هەزاران ڕاپۆرتی نهێنی‌ لەسەر كوردانی ئەو وڵاتە ڕادەستی‌ دەزگای هەواڵگری میتی توركیا كردوە.

ڕۆژنامەی (ڤێلت ئام زۆنتاگ)ی ئەڵمانی بڵاویكردۆتەوە، ژنە ئەفسەرێكی بەڕەگەز تورك بەناوی (دوندوو یازگان) لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی‌ هێسەنی ئەڵمانیا بەناوی خوازراوی (سەمرا مەلەك) سیخوری بۆ توركیا كردوە و هەزاران ڕاپۆرتی پۆلیسی ئەڵمانیای‌ لەسەر كوردانی‌ ئەو وڵاتە گەیاندۆتە دەزگای هەواڵگریی و سیخوڕی‌ میت.

ڕۆژنامەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو لیستی ئەو هاوڵاتیانەی ئەڵمانیا كە هاتوچۆی توركیا دەكەن و نزیكن لەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن گروپێكەوە ئامادەكراوە كە ئەو ژنە ئەفسەرە ئەندامێكی كارای گروپەكەیە، دراوەتە دەزگای هەواڵگری میتی‌ تورك.

نانسی فازێر لەگروپی (SPD) لەپەرلەمانی هێسن لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی‌ ڕاگەیاندن داوای لەوەزیری كاری ناوخۆی‌ هەرێمەكەیان كردوە لێكۆڵینەوە لەڕوداوی ئاشكرابونی ئەو سیخوڕە بكات.

هاوكات ڕەخنەی توندیشی لەبێدەنگی وەزیری ناوخۆ گرتوە و ڕایگەیاندوە "دەبێت ئەو سیخوڕە توركە ئاشكرابكرێت چ پەیوەندییەكی لەگەڵ هاوڵاتیان هەبوە".

ئەو بابەتەش، لەمیدیاكان و پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا  هێناوە و بەشێكیشیان بەشكستێكی گەورەی دەزگای پۆلیسی ئەڵمانیای لەقەڵەمدەدەن.



AM:10:10:02/08/2017