مووچەی مانگی تەمووزی ئەم فەرمانبەرانە رادەگیرێت

بۆ موچەی مانگی تەمووز، هەر فەرمانبەرێك باركۆدی موچەی نەبێت، ئەوە موچەكەی پێنادرێت، وتەبێژی پڕۆژەی سیستمی بایۆمەتری موچەش رایدەگەیەنێت "بایۆمەتری فاكتەرێكە بۆ ئامادەكردنی سیستمێكی نوێی موچە".

سەمیر هەورامی، وتەبێژی پڕۆژەی سیستمی بایۆمەتری موچە لەهەرێمی كوردستان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە "بۆ موچەی مانگی حوزەیران، بەشێك لەفەرمانگەكان لیستەكانیان بەپێی باركۆدی بایۆمەتری ناردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش، موچەكانیان دابەشدەكرێت"

وتیشی"بەڵام بۆ موچەی مانگی تەمووز، (100%) ئەو كەسەی كە باركۆدی بایۆمەتری لەتەنیشت ناوەكەیەوە نەبێت، موچەكەی رادەگیرێت".

وتەبێژەكەی سیستمی بایۆمەتری راشیگەیاند "لەسەرەتای مانگەوە تارۆژی (15)ی هەموو مانگێك، دەبێت یەكە ژمێریارییەكان كەژمارەیان هەزارو 200 یەكەیە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لیستی موچە لەسەر سێدی بۆ گەنجینەكان و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دواتر بۆ بایۆمەتری بنێرن، بۆئەوەی كاری بەراوردكاریی بۆ لیستەكان ئەنجام بدرێت".

سەمیر هەورامی وتیشی"كاری ئەوان بریتییە نییە لەدەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە، بەڵكو پڕۆسەی بایۆمەتری فاكتەرێكە بۆ ئامادەكردنی سیستمێكی نوێی موچە".



PM:03:31:05/08/2017