كاتژمێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان كەمدەبێتەوە

بەهۆی‌ بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ گاز، پێدانی‌ كارەبای‌ مۆلیدە ئەهلیەكان بەهاوڵاتیان كەمدەبێتەوە و لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكانیش لەپارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایدەكات، "ماوەی‌ چوار كاتژمێر پێدانی‌ كارەبامان كەمكردۆتەوەو قائیمقامیش ڕەزامەندی‌ نیشانداوە".

لەكۆنوسی كۆبونەوەی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكان كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، ئاماژە بەوەكراوە، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی گاز و لەبەر بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پارەی‌ مانگانەی‌ كارەبای‌ مۆلیدە، لە هەڵەبجە بڕیاردرا بەكەمكردنەوەی كارەبای‌ ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەدوو كاتی‌ جیاوازدا.

لەكۆنوسەكەدا هاتوە "كەمكردنەوەكە بەجۆرێك دەبێت بەیانیان لەكاتژمێر (8 بۆ 10)ی‌ بەیانی و ئێوارانیش لەكاتژمێر (5 بۆ 7)ی‌ ئێوارە، كارەبا نادرێت ئەگەر كارەبای‌ نیشتیمانیش نەبێت".

هەروەك داوا لەخاوەن مۆلیدەكان كراوە، پابەندی ئەو بڕیارەبن، بەپێچەوانەوە لەكاتی سەرپێچیكردندا سەرپێچیكار سزای دارای دەدرێت بەبڕی 250 هەزار دینار.

سەبارەت بە كەمكردنەوەی كاتی پێدان كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكانیش لە سلێمانی بەپێی ئەو زانیاریانەی لای "سپی"ە هیچ بڕیارێكی لەوجۆرە نەدراوە.

لەمانگی پێشودا لەپارێزگای‌ هەڵەبجە، نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەكان زۆر زیادیكرد و ناڕەزی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، بەجۆرێك ژمارەیەك لەمۆلیدە ئەهلیەكان بۆ نرخی یەك ئەمپێر كارەبا 16 هەزار دینار زیادیكردبوو.



AM:11:56:09/08/2017