جوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا: ئیدانەی هێرشکردنە سەر مەلا سامان دەکەین

جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشکردنە سەر سامان سەنگاوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئێمە ئاسایشی شارەکە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ناوچەیە بە بەرپرس دەزانین".

 


ڕابوون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشکردنە سەر سامان سەنگاوی مامۆستای ئایینی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە "ئەمڕۆ ١٨ ی ئاب،  لە چەمچەماڵ، کاتێك مامۆستا سامان سەنگاوی، دەچێت نوێژی جومعە بەڕێوەبەرێت، گروپێك شەلاتی و بەڵتەجی، لە بەردەم مزگەوتێکی شارەکە، ھێرش دەکەنە سەری و پەلاماری دەدەن. ئەم پەلامارە دوای ئەوە دێت کە مامۆستا سامان پشتیوانی خۆی بۆ جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕاگەیاندوە".

جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستاشدا ڕایگەیاندووە "دوای ئیدانەی توندی ئەو پەلامارە ناشرین و قێزەونە، ئێمە ئاسایشی شارەکە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ناوچەیە بە بەرپرس دەزانین و پێویستە  ھەرچی  زووە ھێرشبەرەکان بدۆزرێنەوە و تەسلیمی دادگا بکرێن".

داوشدەکەن سەرجەم ئەو حزبانەی کە بەشدارن لە دەسەڵاتن لە حکومەتی خۆجێی سلێمانیدا هەڵوێستی جدییان هەبێت جەخت لەسەر ئەوەشدەکەنەوە ئەگەر هەڵوێستیان نەبێت لەو جۆرە کردەوانە بەرپرس دەبن.

ئەمڕۆ سامان سەنگاوی مامۆستای ئایینی ڕایگەیاند، لە بەردەم مزگەوتدا لە چەمچەماڵ ژمارەیەک کەس هێرشیان کردووەتە سەری و برینداریان کردووە.

سامان سەنگاوی وتیشی، کە بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستەکانی و داواشی لە مامۆستایانی ئاینی کرد کە لە سوکایەتیکردن پێیان بێدەنگ نەبن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا سامان سەنگاوی پشتگیریى خۆى بۆ جوڵانەوەى نەخێر لە ئێستادا دەربڕى.



PM:02:11:18/08/2017