پارتی و گۆڕان لە كۆبوونەوەدان

شاندی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی كاتژمێرێك لەمەوبەر گەیشتە گردی زەرگەتەی سلێمانی و لە ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەدایە.

شاندەكەی گۆڕان پێكهاتووە عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە و سێ ئەندامی خانەی راپەڕاندن و دوو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و شاندەكەی پارتیش پێكهاتووە لە شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و لەئێستادا لەكۆبوونەوەدان.

بەپێی زانیاریەكان بڕیارە پاش دوو كاتژمێر لەكۆبوونەوەدا بن و كاتژمێری سەرەتاش تایبەت دەبێت بە دلنانی ئەجیندای كۆبوونەوەكە، بەڵام پێناچێت ئەمڕۆ ئەو دوو پارتە بگەنە رێككەوتن، بەو پێیەی ئەجێندایەك بۆ كۆبوونەوەكانیان دادەنێن، چونكە تائێستا تەنیا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەجێندا هەیە، ئەویش بریتییە لە پێنج خاڵەكەی جڤاتی نیشتمانی.

سەرچاوەیەكیش لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "جگە لە بابەتی دواخستنی ڕیفراندۆم تاڕاددەیەك لەسەر خاڵەكانی دیكەی گۆڕان دەستكراوەیە بۆئەوەی ئەمڕۆ رێككەوتن و دانوستاندنی لەسەر بكەن، لەسەرووی هەمووشیانەوە دەستكاریكردنی سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران".


سەرچاوەكە وتیشی شاندەكە ئەمڕۆ بەڵێنی ئەوەیان لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە كە دەستكاری سیستەمی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ، لە مووچەی مانگی 9 كە وەردەگیرێت هەندێك گۆڕانكاری دەكرێت، بەهەمان شێوە لە مانگەكانی دیكە گۆڕانكاری دەكرێت، واتە حكومەت ناتوانێت بە جارێك پاشكەوت نەهێڵێت وەك ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان داوای دەكات".




PM:01:09:21/08/2017