ئەردۆغان ڕێككەوتنە سەربازیەكانی توركیا و ئێران دژی كورد ئاشكرادەكات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند "ئێران و توركیا باسیان لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش كردووە بۆ سەر چەكدارە كوردەكانی هەردوو وڵات".


ئەردۆغان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەكرد، كە دوای گفتوگۆكانیان لەگەڵ سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ئەنكەرە ئەو بابەتەیان تاوتوێ كردووە.

ئەردۆغان وتیشی "ڕوبەڕوبوونەوەی هاوبەشی توركیا و ئێران دژی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە و پارتی ژیانی ئازاد پژاك، ئەگەرێكی نزیكە، لەبەرئەوەی ئەو دوو گروپە بەردەوام هەڕەشەن بۆسەر بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە خودی خۆی بە تایبەت باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئێراندا كردووە.

ئەو وتانەی ئەردۆغان دوای سەردانەكەی محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران دێت بۆ ئەنكەرە كە لەگەڵ سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا و ئەردۆغان و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە و باسیان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی كرد بۆ پاراستنی سنورەكانیان.



PM:02:44:21/08/2017