ئەنجامی سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا كرا

ئەندامێكی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەردانەكەیان و كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت و حیزبە عێراقیەكان ئاشكرا كرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا رایگەیاند: شاندەكە بە نوێنەرایەتی زۆربەی لایەنە كوردستانیەكان بووە جگە لەبرایانی گۆڕان وكۆمەڵی ئیسلامی، ئێمە بۆ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی بەغدا نەبوە بەڵكوو چوونی شاندەكە بۆ ئەوەبووە دیالۆگ دەست پێبكات لەگەڵ لایەنی عێراقی و شاندەكەش هیچ هێلێكی سوری نەبووە لەسەر هیچ لایەنێك و دوای گەیشتنمان پێشوازی كراین لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، گفتوگۆكەمان لەگەڵ عەبادی سێ‌ كاتژمێری خایاند و هۆیەكانی ئەوەمان باسكرد كە بۆیە هەرێم گەیشتۆتە ئەو بڕیارە و هەڵەیەكی زۆر و پێشێلكاری زۆریش لەدەستوری عێراق كراوە و جێبەجێ‌ نەكراوە و بەشێكیش یاسایان بۆ جێبەجێ‌ نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە پەیوەندی هەولێر و عێراق موشارەكە بووە بەڵام ئەوە نەبوە، پێشنیاری ئەوەكرد كە شاندێكی تر بچێتە بەغدا و پێشنیاری هەندێ‌ ئەڵتەرناتیڤ بكەن .

باسی لەوەشكرد، جگە لەسەرجەم حزب و لایەنە عێراقیەكان، لەگەڵ باڵیۆزی پێنچ وڵاتە هەمیشەییەكە و ژمارەیەكی تر كۆبوینەوە و لەكۆبونەوەكانیشمان باسمانكرد كە ئێمە لەگەڵ عێراقی بەشداریمان كرد بەڵام ئەو عێراقە نیە و لەجەولەی دووەمی كۆوبنەوەشمان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی گفتوگۆ لەسەر ئەو وەرەقەیە لەپێشێلكاریەكان بەرامبەر یەكتر كرا و ئەوان پرۆژە و پێشیڵكاریەكان دەبەن بۆ سەركردایەتی خۆیان و ئێمەش پێشێلكاریەكانی كە ئەوان نوسیویانە و لەگەڵ پرۆژەكان ئێمە هێناومانە و بەیانی لەكۆبونەوەی باڵای لیژنەی ریفراندۆم گفتوگۆ لەسەر دەكەین و دواتر بڵاوی دەكەینەوە.

رونیشی كردەوە، جگە لەقسەكانی خۆی و رۆژ نوری شاوێیس قسەی هیچ كەسێكی تر لەبارەی كۆبونەوەكانیان لەبەغدا راست نین و رەتیشی كردەوە كە لەكۆبونەوەكان نە پۆست و نەپارە باس نەكراوە بەهیچ شێوەیەك تەنها پرەنسیپەكانیان باسكردوە ئەویش ژیانی پەرلەمانی و یاسا و دیموكراسی و ماددەی 140 و ژیانی خەڵك زیاتر لەوە هیچ باس نەكراوە و بەتوندی رەتیشی دەكەینەوە.



AM:10:39:22/08/2017