وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌ی رێگریكردن له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مه‌سیحییه‌كان و شاندی یاوه‌ری له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و داوای لێپێچینەوە دەکات.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی دەست "سپی میدیا" كه‌وتووه، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "دوێنی دووشه‌ممه 21ی ئاب خالد جه‌مال ئه‌لبێر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مه‌سیحییه‌كان به یاوه‌ری شاندێكی مه‌سیحی ئه‌مریكی بۆ مه‌به‌ستی هاوكاریكردن و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا رۆشتن، له‌خاڵی پشكنینی نێوان قه‌ره‌قوش – به‌رته‌له رووبه‌ڕووی هێرشێكی نامرۆڤانه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بوونه‌وه، كه زۆر به‌ناشیاوی ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ شاندی ناوبراو كردووه و له‌ھه‌مان كاتدا رێگه‌یان نه‌داوه سه‌ردانی كلێسا و ئه‌و ئاوارانه بكه‌ن كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێدی خۆیان و له پێداویستییه‌كانیان بپرسن".
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێت "ئه‌م كرده‌وانه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی دژی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی كوردستانه و دووره له دابونه‌ریتی میلـلـه‌تی كورد كه ھه‌رده‌م له پێشوازی میواناندا بووه".
له بەشێکی دیکەی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "ئێمه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌م كاره ھه‌مه‌جیه ده‌كه‌ین، داوا له به‌رپرسانی ئه‌و ھێزه نامۆیه له‌و شوێنه ده‌كه‌ین كه لێپێچینه‌وه له‌م ره‌فتاره نەشیاوه بكه‌ن و بۆ ھاونیشتیمانیانی مه‌سیحی به‌رێز دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه كوردستان پێگه‌یه‌كی نموونه‌ییه له جیھاندا بۆ سه‌قامگیری ئایینه‌كاندا".