ئاری هەرسین ڕەخنەی لە شاسوار عەبدولواحید گرت و هۆڵی کۆڕەکەی جێهێشت

ئاری هەرسین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان ڕەخنەی لە شاسوار عەبدولواحید گرت و دەڵێت شاسوار نە سیاسییە نە بزنسمانە.
ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی دیداری میدیا و ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو، تێیدا لە پانێڵێکدا شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند ئەم ڕیفراندۆمە ساختەیە و ئامانج لێی دروستکردنی دەوڵەت نییە.


لە بەرامبەردا ئاری هەرسین ڕەخنەی توندی لە شاسوار عەبدولواحید گرت، ڕایگەیاند کە نە شاسوار سیاسییە نە بزنسمانە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هیچ سەرمایەدارێک لە کوردستان نییە کە پاڵپشتی حزبێکی نەبێت، چونکە لە کوردستان حزبەکان ناهێڵن کەس بنزنس بکات.

ئاری وتیشی کە لە هەرێمی کوردستان هیچ میدیایەکی بێلایەن نییە و سەبارەت بەوە قسەی شاسوار عەبدولواحید کە هێمای بۆ ئەوەکرد ئەوانەی دەڵێن بەڵێ ناوێرن بێن گفتوگۆ بکەن، ڕایگەیاند وەک چۆن بۆ ئیماندارێک خوا تەنهایە و هیچ شەریکێکی نییە، بۆ ئێمەش دەوڵەتی کوردی بەو شێوەیەیە.

لەم دیدارەدا شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند "ئەم ڕیفراندۆمە ساختەیە و ئامانج لێی دروستکردنی دەوڵەت نییە، پەردەپۆشکردنی کۆمەڵێک کێشەیە لە کوردستان و دروستکردنی دۆخێکە بۆ بەردەوامبوونی کێشەکان، ئەگەریش بکرێت بارێکی نەخوازراو دێتە کوردستانەوە و ئەرکی ئێمەیە کە پێشتر بۆ خەڵكی ڕوون بکەینەوە."
ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەگەر بابەتی ڕیفراندۆم نەبووایە، ئەوا دەبوو دەسەڵاتداران خەریکی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و کێشەکانی دیکەی هەرێم بوونایە.

هاوکات فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وتی "پرسی سەربەخۆیی پێویستە پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بێت، ئەم فۆرمەی بۆ ڕیفراندۆم دروستکراوە لە ڕاستیدا مۆرکێکی کەسی زیاتر پێوە دیارە، بۆیە دەنگی نەخێر هەیە".
ڤیدیۆیی پانێڵی یەکەم کە قسەکانی نێوان شاسوار عەبدولواحید و ئاری هەرسینی تێدایە.



PM:03:14:27/08/2017