پەرلەمانتارێکی پارتی: مانگی داهاتوو دۆخی دارایی بەرەو باشتر دەچێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان دڵنیایی دەدات كە دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و رای دەگەیەنێت كە بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی نوێی مووچەیە بۆ هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئاب، دڵشاد شەعبان ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی "وشە"ی راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە داهاتەكەی بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، ئەگەر قەرزی كۆمپانیاكانی لێ‌ دەربهێنرێت، بەڵام حكوومەت ناتوانێ‌ قەرز و موستەحقاتی كۆمپانیاكان نەدات.

زیاتر وتی، بەپێی ئەو پێشبینییانەی كە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرەو باشتر دەچێت، بەتایبەت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەی ئێستە جێگیر بێت.

شەعبان ڕوونی كردەوە كە كوردستان پێویستی بەوەیە بۆ ماوەیەك نرخی نەوت بە بەرزی لە بازاڕەكاندا بە جێگیری بمێنێتەوە، بۆئەوەی جێگیری دارایی بێتە ئاراوە.

لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا باس لەوە دەكرێت كە هیچ دەرماڵەیەكی فەرمانبەران نامێنێت ئەو پەرلەمانتارە وتی، بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی نوێی مووچەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە تا ئێستا بە سیستەمی عێراق مووچە لە كوردستان دابەش دەكرێت.

ئاماژەی بەوە كرد كە چاكسازی لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ فەرمانبەران.

ماوەی چەند ساڵێكە فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان سیستەمی پاشەكەوتیان لەسەر جێبەجێ‌ دەكرێت و هەندێکجار باس لەوە دەكرێت كە بەباشتربوونی دۆخی دارایی مووچەی فەرمانبەران باشتر دەبێت.



PM:08:19:27/08/2017