هەپەگە: لە چوار ڕۆژدا ٢٨ سەربازى تورکیا کوژران

هەپەگە ڕایگەیاند، لە شەڕى نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپاى تورکیا لە سێ پارێزگای باکوورى کوردستان، ٢٨ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و ٦ سەربازى تریش برینداربوون.


ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکاى پاراستنى گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان لە چوارچێوەى "هەڵمەتى شۆڕشگێڕێى شەهید بەدران گوندى کەرەمۆ و شەهید نالین موش" لە ڕۆژى ٣٠ى ئابی ٢٠١٧دا یەکەیەکى سەربازیى سوپاى تورکیایان لە نزیک گوندى بێلاکا سادۆ لە چەلێى جۆلەمێرگ چاودێرى کردووە و لە ڕۆژى ٣١ى ئابدا هێرشیان کردوونەتەسەر لە ئەنجامدا ٥ سەنگەرى سوپاى تورکیا تێکشکاوە و ٣ سەرباز کوژراون و ٦ سەربازى تریش برینداربوون.

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە، هەر ڕۆژى ٣١ى ئابی ٢٠١٧ لە ناوچەى کانی ئۆرێ لە چەلێ گەریلاکانیان هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکى سەربازیى سوپاى تورکیا و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى جۆرى کریپی تەقێنراوەتەوە و ئەوەندەى بۆ گەریلاکانیان ڕوون بووەتەوە لەو هێرشەدا ١٥ سەربازى تورکیا کوژراون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە ڕۆژى ١ى ئەیلول لە گردى کۆردینەوى چەلێ لەلایەن گەریلاکانیانەوە هێرشێکى تر لە دژى ژمارەیەک سەربازى تورکیا ئەنجامدراوە و لەو هێرشەدا سەربازێک کوژراوە و لە دواى ئەو هێرشەش هێزى گەریلا بە چەکى هاوەن لە بنکەى سەربازەکانى تورکیایان لەو  گردەدا داوە و بەو هۆیەوە ٢٠ هاوەن لە بنکەى سەربازییەکەى داوە و ٨ سەنگەر و شوێنى مانەوەى سەربازانى تورکیا تەقێنراونەتەوە، بەڵام ئامارى کوژراوان و بریندارانى سوپاى تورکیا بۆ هێزەکانى گەریلا ڕوون نەبووەتەوە.

لە درێژەى ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگەدا باسى ئەوەشکراوە، هێزەکانیان ڕۆژى ٢٩ى ئابی ٢٠١٧ لە ڕێگاى نێوان گوندەکانى هشێتی و کەرخێ لە ناوچەى بسمیلى ئامەد، هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشى جۆری کریپیی سوپاى تورکیا و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکە تەقێنراوەتەوە و ئەوەندەى بۆ گەریلاکانیان ڕوون بووەتەوە لەو هێرشەشدا ٧ سەربازى تری تورکیا کوژراون.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگە، گەریلاکانیان ڕۆژى١ى ئەیلولی ٢٠١٧ لە نێوان بەرواری و ئۆسیانێى پارێزگاى سێرت، چالاکییەکیان لە دژى هێزەکانى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە و لەو چالاکییەدا ٢ سەربازى تورکیا کوژراون.

هەپەگە لەو ڕاگەیاندراوەیەدا باسى زیانى گەریلاکانی نەکردووە و تا ئێستاش میدیاى فەرمیى حکومەتى تورکیا لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکى بڵاونەکردووەتەوە.

هەروەها دوێنێ هەپەگە بڵاویکردەوە، محەمەد پاکسۆی فەرماندەى جەردەوانەکانى تیمى خەنجەر لە شرناخ لە هێرشێکى گەریلاکانیاندا کوژاراوە، کە ماوەى ٢٠ ساڵ هاوکاریى سوپاى تورکیاى کردبوو لە شەڕ لە دژى گەریلاکانیان و ڕۆڵى هەبووە لە دەستگیرکردن و زیندانیکردن و بێسەروشوێنکردنى چەندین هاووڵاتیى کورد دا.



ئه‌م بابه‌ته ‌809 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:25:03/09/2017