" کۆسرەت رەسوڵ‌و مەلا بەختیار‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەندازیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانن بەبێ گۆڕان"

پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەرلەمان کارا بکەنەوە بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ، سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگاداریش رایگەیاند" کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و هێرۆ ئیبراهیم ئەندازیاری ئەو رێککەوتنە نوێیەن".

چاودێرێکی سیاسی ئاگادار بە سپی، راگەیاند" ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر لە نێوان پارتی و یەکتێیدا ئەنجامدراوە لەوە زیاترە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت و، بەڵکو ئەو دوولایەنە هاوشێوەی پێشوو پلانیان داناوە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی، یان ئەنجامدانی رێککەوتنێکی نوێ".

ئەو چاودێرە پێیوایە ئەگەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا رای نەگۆڕدرایە وەک رای کوڕەکانی لێنەهاتەیە کە " کێکە" لەگەڵ پارتیدا بە هاوبەشی بەشبکەن، ئەوا کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار نەیاندەتوانی ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ لەگەڵ پارتیدا بکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد  لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی، هێرۆ ئیبراهیم بە ڕاشکاوانە لە وتەیەکی کورتدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو لەگەڵ ریفراندۆمەو، دەبێت بەزووترین کات پەرلەمان ئاکتیڤ بکرێتەوە.

چاودێرەکەی سپی، پێیوایە کە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی رێککەوتن، لە بیریان کردبوو کە ئەوان رێککەوتنێکی بەرفراوانیان لەگەڵ گۆڕاندا هەیە.

چاودێرەکەی سپی باسی لەوە کرد، لە دوا کۆبوونەوەی رۆژی هەینی گۆڕان و یەکێتی لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی، گۆڕان و یەکێتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەئامانجی کاراکردنەوەی پەرلەمان هەر پێنج لایەنی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ کۆببنەوەو رێکبکەون و پاشان پەرلەمان کارا بکەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتی پشتیشی کردە ئەو رێککەوتنە.

ئەو چاودێرە ئاشکرای دەکات کە یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پاڵپشتی کردنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و دواخستنی هەڵبژرادنی پەرلەمان و درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی، بەڵام ئەو حەوت خاڵەی سەرکردایەتی یەکێتی لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری لەسەر دا، وەک " چاوبەستکردنێک" لە گۆڕان بەکاردەهێنرێت.

ئەو سێ کەسایەتییە دەستڕۆشتووەی یەکێتی لە کاتێکدا ئەو رێککەوتنە لەگەڵ پارتی گرێدەدەن، کە لەناو سەرکردایەتی و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناڕەزایەتیەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی "یەکێتی بەتەنها لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت و دەبێت کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر پرسەکان گەڵالە بکرێت".

ئەمڕۆ لە هەولێر پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و دوا وەفدیان لەگەڵ گۆڕان دادەنیشن، لەو کۆبوونەوەیەدا دوا رای گۆڕان وەردەگرن، ئەو بزووتنەوەیە رازی بێت، یان نا، لەهەردوو حاڵەتەکەدا خۆیان پەرلەمان کارا دەکەنەوەو، ئێستا سەرقاڵی گرێدانی رێککەوتنی ترن لە نێوانیاندا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی هاوشێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان.
  



PM:11:45:10/09/2017