ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت: سەرەتاكانی باشتربوونی دۆخی دارایی دەركەوتووە

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت ئاشکرایدەکات بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان 80 پەرلەمانتار ئامادەیە و لەبارەی موچەشەوە ڕایدەگەیەنێت "سەرەتاكانی باشتربوونی دۆخی دارایی ئێستە دەركەوتووە".

ئەمڕۆ 11ی ئەیلوول، دڵشاد شەهاب ڕاوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و ئەو حزبانەیە كە لەو ئەنجوومەنەدا بەشدارن".


ئاشکراشیکرد تا ئێستا بڕیارە زیاتر لە 80 پەرلەمانتار لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی پێنجشەمە ئامادەبن.

دڵشاد شەهاب لە لێدوانەكەیدا موژدەی دایە خەڵكی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند، "ئومێدێك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی كوردستان هەیە و سەرەتاكانی باشتربوونی دۆخی دارایی ئێستە دەركەوتووە".

لێدوانەكەی دڵشاد شەهاب دوابەدوای كۆبوونەوەیەكی نێوان فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی هات.

دوێنی پارتی و یەكێتی كۆ بوونەوە و بڕیار درا ڕۆژی پێنجشەمە كە 14ی ئەیلوول دەكات، پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و پێش ئەو وادەیەش كۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ بكرێت بۆ ئەوەی بێنە نێو ڕێككەوتنەكە.



PM:07:19:11/09/2017